دووشەممە لە کوێ پشووە و لە کوێ پشوو نییە؟

23-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو هەولێر

بەهۆی سەرما و بەفربارینەوە، ژمارەیەک پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان لە ناوەندەکانی خوێندن کردیان بە پشوو.

لە چوارشەممەوە شەپۆلێکی باران و بەفربارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان بۆ ژێر سفر دابەزیون.
 
لە هەولێر و دهۆک پشوو نییە و سلێمانی هێشتا بڕیاری نەداوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ھیچ ھۆکارێکی وانییە تاوەکو بکرێتە پشوو، بۆیە سبەی دەوام ئاسایی دەبێت".
 
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئەم کاتە پشوو نییە، چاوەڕێی کەشوهەوا دەبین".
 
لە کەرکووک دووشەممە و سێشەممە پشووە.
 
نووسينگەی راگەیاندنی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و لەپێناو پاراستنی قوتابییان و خوێندکاران، بڕیار درا دووشەممە و سێشەممە لە خوێندنگەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی و ستافی مامۆستایان پشوو فەرمی بێت.
 
لە سنووری هەڵەبجە، لە ناحیەکانی بیارە و تەوێلە، ئەمڕۆ و سبەینێش کرانە پشوو. لە پێنجوێن و چۆمانیش بەهەمانشێوە.
 
بەڵام پەروەردەکانی سۆران، مێرگەسۆر و رواندز، ئەمڕۆ بڵاویانکردەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرمایەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، سبەی دووشەممە لە ناوەندەکانی خوێندن پشووە.

 

پلەی گەرما لە باشووری کوردستان
 
لە گەرمیانیش کرایە پشوو. پەروەردەی گەرمیان دەڵێت، سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی لە سنوورەکە پشووی فەرمییە.
 
ئەم پشووە، خوێندکارانی دەرەکیی پۆلی 12 ناگرێتەوە و لەکات و شوێنی خۆیان تاقیکردنەوەکانیان دەکەن.
 
لە شەقڵاوە و شارەزووریش کران بە پشوو.
 
پەروەردەی شەقڵاوە رایگەیاند، لە سەرجەم باخچەی منداڵان و قوتابخانەکانی قۆناخی بنەڕەتیی سنووری پەروەردەکەیان، سبەی پشووی فەرمییە، بەڵام ئەم پشووە قۆناخی ئامادەیی ناگرێتەوە.
 
پەروەردەی شارەزووریش بڵاویکردەوە: بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و سەلامەتیی گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خۆێندکاران، بڕیارمان دا سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری بەڕێوەبەرێتیمان، دەوام رادەگیرێت و دووسبەی دەوام ئاسایی دەبێتەوە.
 
پەروەردەی دەربەندیخانیش رایگەیاند، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە، جگە لەو خوێندکارانەی تاقیکردنەوەی بەراییان هەیە. 
 
پلەی گەرمای ئەمشەو لە باشووری کوردستان:
 
حاجی ئۆمەران: -14
چۆمان: -9
سۆران: -7
شەقڵاوە: -7
پێنجوێن: -4
سلێمانی: -3
گەرمیان: 3
ئاکرێ: -3
زاخۆ: -3
رانیە: -2
هەولێر: -1
دهۆک: -1

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو بازاڕەی شارەوانیی کەلار دەڵێت تێکی دەدەن

شارەوانیی کەلار: بازاڕی سەنتەری شار تێکدەدرێ و دووکانداران قەرەبوو دەکرێنەوە

شارەوانیی کەلار 262 دووکانداری بازاڕی سەنتەری شارەکەی ئاگادار کردوونەتەوە، دووکانەکانیان چۆڵبکەن کە بە دووکانی گەنمفرۆشان ناسراون. دووکانداران ناڕازین و دەڵێن، شوێنی نوێ گونجاو نییە بۆ کار. 130 دووکاندار کرێچین و داوا دەکەن بێکار نەکرێن. شارەوانیی کەلار دەڵێت، هیچ دووکاندارێک بێکار ناکرێ و قەرەبوو دەکرێنەوە.