رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، سبەی دەوام ئاساییە و ناکرێتە پشوو. لە ناحیەکانی تەوێڵە و بیارە لە سنووری هەڵەبجە و چۆمان لە سنووری سۆران کراوەتە پشوو.
رۆژی یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ھیچ ھۆکارێکی وانییە تاوەکو بکرێتە پشوو، بۆیە سبەی دەوام ئاسایی دەبێت".
لە رۆژی چوارشەممەوە، شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەو هۆیەوە دوێنێ، پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، بەهۆی بەفربارین و سەرماوە، یەکشەممە، 23-02-2025، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری تەوێڵە و بیارە پشووی فەرمییە.
پاریزگای هەڵەبجە بڵاویکردەوە، "لەسەر پێشنیازی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، بڕیاردرا پشوو لە تەوێڵە و بیارە درێژبکرێتەوە و سبەینێش بکرێتە پشوو."
ئەو پشووە، خوێندکارانی دەرەکیی پۆلی 12 ناگرێتەوە.
دوێنێ لە چۆمانیش کرایە پشوو. ئەمڕۆ یەکشەممە، قایمقامی چۆمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پشوو درێژکرایەوە و سبەی لە تەواوی خوێندنگە و فەرمانگە حکومییەکان پشووە."
لە سۆران پشوو نییە. هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا لە هیچ شوێنک پشوو رانەگەیێندراوە، بەڵام دەسەڵاتمان داوە بە قایمقامەکان لە هەر حاڵەتێکی نەخوازرا و پێویستدا بیکەنە پشوو."
لە سلێمانی چاوەڕێی کەشوهەوا دەکرێت
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئەم دەقەیە پشوو نییە، چاوەڕێی کەشوهەوا دەبین بۆ ئەوەی بکرێتە پشوو."
دوای نزیکەی مانگێک بەردەوامیی لە بایکۆت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ناوچەکە، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، ئەمڕۆ نیوەی قوتابخانەکان بە تەواوی کراونەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتیشی،" لە کۆى 600 قوتابخانە لە سنوری پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی لە 300 قوتابخانە دەوام دەستیپێکردووەتەوە."
لە زاخۆ و دهۆک دەوام ئاسایی دەبێت
مەجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک بۆ رووداو دەڵێت، تاوەکو ئەم خولەکە نەکراوە بە پشوو، تاوەکو بۆمان بگونجێت نایکەین بە پشوو و دەوام ئاساییە."
موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەوام ئاساییە و پێویست بە پشوو ناکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ