رووداو دیجیتاڵ
کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا. بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ئێران "بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە" تەقەیان کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026، هاونیشتمانییەک لە سەلاسی باوەجانی بە رووداوی راگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی (هەنجیر بوس) سەر بە پارێزگای کرماشان، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری نەوسوود تەقەی لێکراوە و کوژراوە."
هاونیشتمانییەکە گوتی، ئەو کۆڵبەرە ناوی (محەممەد سدیق ئولی)یە و تەمەنی 28 ساڵ بووە. هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە پاساوی "گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ" تەقەیان لێکردووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
محەممەد سەدیق ئولی، خێزاندار بووە و باوکی دوو منداڵە بە ناوەکانی ئارتا و ئایسان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە ئەوە سێیەم کۆڵبەرە لە سنووری نەوسوود بکوژرێت.
ساڵانە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، دەیان کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان، هەڵدێران یان رەقبوونەوە لە سەرمادا، گیان لەدەستدەدەن یان کەمئەندام دەبن.
بەپێی داتاکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تاوەکو ئێستا لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 13کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و 8 کۆڵبەری دیکەش بە سەختی بریندار بوون.



