رووداو دیجیتاڵ
لە مێردینی باکووری کوردستان بەهۆی شەڕە تەقە لەنێوان دوو ماڵبات، سێ کەس کوژران.
درەنگانی شەوی شەممە (22ـی شوباتی 2025) لە شارۆچکەی ئارتوکڵو لە مێردین، مشتومڕ و گرژی لەنێوان دوو ماڵباتدا دروست بوو، دواتر سەریکێشا بۆ شەڕەتەقە.
دوای ئەوەی هەواڵ بە لایەنی پەیوەندیدار درا، تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. بەگوێرەی زانیارییەکان، 10 کەس لە رووداوەکەدا بریندار بوون، دواتر لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە گەیێندرانە نەخۆشخانە.
وێڕای وەرگرتنی چارەسەر لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکە، سێ کەس کە برینەکانیان سەخت بوو، گیانیان لەدەستدا. دواتریش تەرمەکانیان رەوانەی دادپزیشکی کرا.
تیمەکانی جەندرمە رێوشوێنی ئەمنیان لە شوێنی رووداوەکە گرتەبەر و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی ئاماری وەقفی ئوموت، پار لە تورکیا و باکووری کوردستان، سێ هەزار و 801 رووداوی تووندوتیژی روویانداوە، تێیاندا دوو هەزار و 370 کەس کوژراون و سێ هەزار و 829ـی دیکەش بریندار بوون. لە سێ هەزار و 194 رووداودا دەمانچە و لە 607 رووداویشدا چەقۆ بەکارهێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ