مامۆستایانی ناڕازی: بایکۆت بەردەوامە و ئەمڕۆ رێگە نادەین نەوت بە تانکەر بۆ ئێران بڕوات

23-02-2025
سۆران حوسێن
مامۆستایانی ناڕازی لە عەربەت رێگە نادەن تانکەرەکانی نەوت بچنە ئێران. وێنە: رووداو
مامۆستایانی ناڕازی لە عەربەت رێگە نادەن تانکەرەکانی نەوت بچنە ئێران. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بەشێکی قوتابخانەکان کراونەتەوە و بەشێکیان بەردەوامن لە بایکۆت.  نوێنەرێکی مامۆستایانی ناڕازیش دەڵێت، "بۆ گوڕدانەوە بە بایکۆت ئەمڕۆ لە عەربەتەوە رێگە نادەین تانکەرەکانی نەوت بچن بۆ ئێران".
 
فەرهاد قادر، مامۆستایێکی ناڕازییە و ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ لە دەروازەی عەربەتەوە چالاکی دەکەین و رێگە نادەین یەک تانکەر لە باشماخەوە نەوت بە قاچاخ بباتە ئێران".
 
ئەو مامۆستایە گوتی: "مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بەشداری لەو چالاکییەدا دەکەن، بۆیە ئەو رێگەیەشمان هەڵبژاردووە نەوتی هەولێریش دێت و لێرەوە دەنێردرێت، چونکە لە حاجی ئۆمەرانەوە هەناردەی ناکەن".
 
یەکێتیی مامۆستایان: بەشێکی مامۆستایان بایکۆتیان شکاندووە
 
بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە، دەرگای زۆربەی قوتابخانەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی سنوورەکە داخراون. فەرهاد قادر دەڵێت: "گوشارێکی زۆری پەروەردەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام هەیە، بایکۆتیش کەمێک لاواز بووە، ئەم چالاکییەی ئەمڕۆ بۆ گوڕدانەوەیە بە بایکۆت".
 
لە خوێندنی ساڵی 2024 – 2025، یەکەم جار لە 01-12-2024 بایکۆت لەو سنوورانە دەستیپێکرد و تەواوی مانگەکە بەردەوام بوو. دوای دابەشکردنی مووچەیەک، مامۆستایان بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم گەڕانەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنەوەی دەوام لە 26ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، بایکۆت دەستیپێکردەوە و بەردەوامە.
 
سەرەڕای بایکۆتی زۆرینەی قوتابخانەکان، لە زۆرینەی قوتابخانەکان قۆناخەکانی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی دەوام دەکەن.
 
لەبارەی داواکانیان بۆ گەڕانەوە بۆ دەوام، ئەو نوێنەرە دەڵێت: "دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، تەوتینکردنی مووچە مەرجی سەرەکی کۆتاییهاتنی بایکۆتە".
 
هەر ئەمڕۆ عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە بەشێکی قوتابخانەکان دەوام دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام بە گشتی نییە، چونکە هێشتا نیگەرانییەکانی مامۆستایان بەردەوامە لە پێنەدانی مووچەی مانگی 12 و دەنگۆی هاتنی مووچەی مانگی دوو".
 
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت: "پێدەچێت ئەمڕۆ هەنگاوی نوێ بە ئاراستەی کەمبوونەوە یان تەواوبوونی بایکۆت ببینرێت".
 
مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ دابەشکراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەش نەکراوە، بۆ ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق بە نەناردنی پارەی بۆ مووچەی ئەو مانگە تۆمەتبار دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە