راوێژکارێکی بافڵ تاڵەبانی: مامەڵەکردن لەگەڵ کامپی ئازادیی کۆیە پەیوەستە بە رێککەوتنی بەغدا و تاران

23-02-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، بڕیاردراوە چواردەوری کامپی ئازادی لە کۆیە بە دیوار هەڵبچنرێت، بەڵام ئەوان لەو بڕیارە ناڕازین و داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە. راوێژکارێکی بافڵ تاڵەبانیش دەڵێت، "ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی رێککەوتنە ئەمنیەکەی نێوان بەغدا و تاراندا هاتووە".
 
ئەمڕۆ هەینی، حەمەنەزیف قادری، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاردراوە کامپی ئازادیی کۆیە کە کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا نیشتەجێ کراون، چوار دەورەکەی بە دیوار هەڵبچنرێت، بەڵام بەڵام ئێمە قبووڵمان نەکردووە و لەگەڵ یەکێتی لە گفتوگۆداین".
 
حەمەنەزیف قادری گوتی، بڕیارە لەم رۆژانەدا لەگەڵ یەکێتی کۆببنەوە و ئەو بابەتە تاوتوێ بکەن، " ئێمە هەرێمی کوردستان بە لێڤەگەڕی نەتەوەیی دەزانین و تەنیا لەگەڵ سەرۆکایەتی و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانیش کۆدەبینەوە و داوای چارەسەر لەوان دەکەین، پارتی و یەکێتی دەتوانن رۆڵی باش بگێڕن و هەنگاوی پێویست بۆ ئەم بابەتە بنێن".
 
بێستوون فایەق، راوێژکاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "هەڵچنینی دیوار بە دەوری کامپی ئازادیدا، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی ئێران و عێراقە کە بە ئاگاداری هەرێمی کوردستان و چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانیش واژۆ کراوە".
 
بێستوون فایەق گوتی، "جارێ روون نییە ئەو دیوارە دروست دەکرێت یان نا، بەڵام ئەگەریش بکرێت، ئەوە جێبەجێکردنی ئەو رێککەتنەیە کە پێشتر لەنێوان دوو دەوڵەتدا کراوە".
 
حەمەنەزیف قادریش نەیشاردەوە کە ئەو بڕیارە لە رێککەوتننامەی ئەمنی بەغدا و تاراندا هاتووە و گوتی، "دیواربەندکردنی ئەو کامپە لە چوارچێوەی رێککەوتنەکە هاتووە، بەڵام بەو واتایە نییە کە هەرچییەک لەو رێککەوتنەدا هاتبوو قبووڵ بکرێت، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین کە هەر بڕیارێکی نەخوازراو درا، جێبەجێ بکرێت".
 
کۆنووسی هاوبەش
 
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکرد کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد. یاداشتەکە هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتووە.
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی 28-08-2023 لە تویتێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "عێراق رێککەوتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە و تێیدا باس لە رێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران، رادەستکردنی داواکراوان، چەک داماڵین و لابردنی سەربازگەکان کراوە و پابەندبوونەکانی خۆشی جێبەجێ کردووە".
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "گرنگترین بنەمای سیاسەتی دەرەوە بریتییە لەوەی نابێت عێراق لایەنێک بێت لە زیانگەیاندن بە دراوسێکانی. سەروەریی عێراق پێویستی بە لێکتێگەیشتنی ئەمنییە بۆ پاراستنی سنووری عێراق لە هەر پەلامارێک".
 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، رۆژی 4ی ئەیلوولی 2023 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێر لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و  لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە؛ تووندوتۆڵکردنی سنوور یەکێک لە مژارەکانی نێوانیان بوو.
 
بڕیاری لیژنەکەی ئێران و عێراق
 
لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەش، رۆژی 19ی ئەیلوولی 2023 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەسەر بنەمای پابەندبوونی کۆماری عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەندەکانی رێککەوتننامەی ئەمنیی هاوبەش و لە رێگەی هەوڵی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، بارەگاکانی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە نزیک سنووری ئێران بە تەواوی چۆڵکران و بۆ ناوچەیەکی دوور لە سنوور دوورخرانەوە و لە چەکیش داماڵدران. هەروەها هێزی پاسەوانیی سنوور لەو ناوچانە بڵاوکرانەوە و بە هەمیشەیی جێگیر کران و ئاڵای عێراقی بەرزکرایەوە".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی هەولێر و بەغدا ئامادەبوو و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ حکومەتی عێراق دەربڕی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتن کە لێڤەگەڕێکە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و هەر پێشلکردنێک کە روودەدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە