رووداو - سلێمانی
ئەمڕۆ شەممە 22-12-2018 ، لە رێوڕەسمێکدا تەرمی پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز لە گۆڕستانی گردی شێخ مارف لە سلێمانی بەخاکسپێردرا.
دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە تەرمی پرۆفیسۆر د.جەمال نەبەز کرا و لەوێوە بەرەو سلێمانی بەڕێکرا، تەرمەکەی لەکاژێر 12:30 خولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیەنرایە سلێمانی و لەلایەن پارێزگار و چەندین کەسایەتی ئایینی و رۆشنبیری پارێزگاکەوە پێشوازی لێکرا.
لە رێوڕەسمەکەدا دەوەن مەعرووف، گوتاری بنەماڵەی پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەزی خوێندەوە و سوپاسی سەرۆکوەزیران و هەردوو پارێزگاری هەولێر و سلێمانی کرد کە لەو خەمەدا لەگەڵ ئەوان بەشداربوون.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 22-12-2018 لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگای هەولێر، بنەماڵەی کۆچکردوو، بەشێک لە نووسەران و رۆشنبیران و هونەرمەندان لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێشوازی لە تەرمی پرۆفیسۆر د.جەمال نەبەز کرا و بەرەو سلێمانی بەڕێکرا بۆ ئەوەی لەوێ بەخاکبسپێردرێت.
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی رووداو، چەپکە گوڵی رێزلێنانی لەسەر تەرمی پرۆفیسۆر جەمال نەبەز دانا.
رۆژی 08-12-2018، پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز، نووسەر و بیرمەندی نێوداری كورد لە تەمەنی 85 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەیەكی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد.
پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز یەكێكبوو لە دامەزرێنەرانی (كۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوەو یەكێتیی كورد- كاژیك) و لەساڵی 1962ـەوە لە ئەوروپا دەژی و خاوەنی زیاتر لە 60 كتێب و سەتان لێكۆڵینەوەی زانستی و هزری و سیاسییە بە زمانەكانی : كوردی ، عەرەبی ، ئینگلیزی و ئەڵمانی . ماوەیەكی زۆر لە كوردستان ، عێراق و ئەڵمانیا مامۆستا بووە.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن