کوردستان
پێشوازیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەکاتی سەردانی بۆ هەولێر لە مانگی ئابی 2023. وێنە: رووداو
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی تورکیادا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، کەسانێک وا نیشان دەدەن کە دەوڵەتی تورکیا دژایەتیی کورد دەکات، بەڵام بەو جۆرە نییە و "ئێستا گەورەترین دۆستی هەولێر لە ناوچەکەدا کۆماری تورکیایە."
رۆژی دووشەممە 20-11-2023 هاکان فیدان، وەزیری دەرەی تورکیا لە بەردەم ئەندامانی لیژنەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە.
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیو سنوور و شەڕی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، هاکان فیدان گوتی، "چەند پەرلەمانتارێک هەڵوەستەیان لەسەر ئەم بابەتە کرد. تێگەیشتنێک دروست دەکەن و وای نیشان دەدەن وەک ئەوەی دەوڵەتمان دژایەتیی کورد دەکات. ئێمە ئەمە بە تەواوی رەتدەکەینەوە و بابەتێکی وەها لە ئارادا نییە. لە هەموو ئەو گوتانەیاندا پێویستە وشەی کورد دەربهێنن و لەبری وشەی پەکەکە دابنێن. ئێمە دووژمنی پەکەکەین."
پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە یەکێکی دیکە بوو لە تەوەری باسەکانی هاکان فیدان، رایگەیاند، "ئەوەی کێشەی بۆ ئێمە نەبێت، ئینجا کورد یان عەرەب یان هەر نەتەوەیەکی دیکە بێت، ئەگەر چەکمان روو تێنەکەن، کێشەمان لەگەڵیاندا نییە. باشە ئێستا گەورەترین دۆستی هەولێر لە ناوچەکەدا کێیە؟ کۆماری تورکیایە. ئایا حکومەتی کوردی نییە؟ حکومەتی کوردی هەیە. باشە بۆچی هەوڵی ئەوە هەیە دەوڵەتی کۆماری تورکیا وەکو دووژمنی کورد نیشان دەدرێت؟ ئەمە زمانێکی تابڵێی هەڵەیە و من ئەم زمانە قبووڵ ناکەم. زمانێکی ناڕەوایە. ئەگەر لێرە باس لە بەهای بنەڕەتی، ماف و یاسا بکرێت، پێویستە قسەکردن بەم زمانە کۆتایی بێت."
چی روویدابوو؟
پەرلەمانتارانی هەدەپ رەخنەی تووندیان لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرامبەر باشوور، باکوور و رۆژئاوای کوردستان گرت.
عایشەگول دۆغان-گوتەبێژی هەدەپ نموونەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیای هێنایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "بۆ نموونە کوردستانی عێراق! دووژمنی دوێنێ بوو و ئەمڕۆ تاکە هاوپەیمانە. دوێنێ وەکو کابوس وابوو و دەگوترا ئەگەر کوردستانێکی فیدراڵ لە عێراقدا دروست بێت، ئێـە چی دەکەین؟ ئەمە نموونەیە لە مێژووماندا. بۆچی نابێت ئەمە شتێک بێت کە بتوانین ئەمڕۆ بۆ سووریا باسی لێوە بکەین؟ بۆچی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هاوپەیمان نەبێت؟ داواکردنی وەرچەرخانێكی هاوشێوە بۆ کوردستانی سووریا یان بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و داواکردنی ئاشتی لە شوێنی شەڕ بۆچی دەبێتە کێشە؟"
ئاکپارتی لە 10 ساڵی سەرەتای دەسەڵاتیدا هەنگاوی باشی ناوە
حکومەتەکەی ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان ساڵانێک شانازی بەو هەنگاوانەوە دەکرد کە بە ئاراستەی چارەسەری کێشەی کورد نای، بەڵام دوای لەبارچوونی پرۆسەی ئاشتی لە ساڵی 2015دا دۆخەکە تێکچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ