کارەبای سۆران: رۆژانە 11 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران
ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران دەڵێت، رۆژانە لە سنووری ئیدارەکە 11 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاونیشتمانییان، گوتیشی، 11 کاژێریش کارەبا لە رێگەی موەلیدەکانەوە دابین دەکرێت.
 
ساڵانە لە هەردوو وەرزی هاوین و زستاندا کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە. ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران لەبارەی دۆخی کارەبا بە ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''لە سۆران کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی و موەلیدە بە یەکسانی دابەش دەکرێت و هەر یەکێکیان نزیکەی 11 کاژێرە.''
 
تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نییە و هەموو گۆڕانکارییەک لە پێدانی کاژێرەکانی کارەبا لە هەولێرەوە دەکرێت. ئەردەوان ئیبراهیم گوتی: ''ئەگەر بەڕێوەبەرایەتییەکە لە سۆران بکرێتەوە، بێگومان کاژێرەکانی کارەبا زیاد دەکەن.''
 
بەرێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران گوتی: ''بۆ کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی کارەبا لە سۆران، هەوڵێکی جددیمان داوە و نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی کارەبا کردووە، بەڵام هەندێک گرفتی تەکنیکیش هەن.''
 
بە گوتەی ئەردەوان ئیبراهیم، کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە سۆران، پێویستی بە دامەزراندنی ژمارەیەک فەرمانبەری تەکنیکی، هەندێک ئامێری هاتووچۆ و باڵەخانەیەک هەیە بۆ ئەوەش نووسراویان ئاراستەی وەزارەتی کارەبا کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداونەتەوە.
 
لە هەرێمی کوردستان 3500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا پێویستی بە زیاتر لە شەش هەزار و 500 مێگاوات هەیە، ژمارەی هاوبەشانی کارەباش یەک ملیۆن و 900 هەزاری تێپەڕاندووە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بێدەنگکردنی موەلیدەکانی دەرکردووە کە زۆربەی دانیشتووانی گەڕەکەکان گلەیی لە دەنگی بەرز و زۆریی دووکەڵی موەلیدەکان دەکەن. ئەردەوان ئیبراهیم گوتی: ''لیژنەیەکمان بە سەرپەرشتیی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێکهێناوە و شەو و رۆژ سەردانی سەرجەم موەلیدەکان دەکەین، بۆ ئەوەی بەپێی رێنماییەکان بێدەنگ بکرێن و دووکەڵیان نەمێنێت.''
 
لەبارەی تەواوکردنی پرۆسەی بێدەنگکردنی موەلیدەکان گوتیشی: "دەبێ لە مانگی ئەیلوولدا پڕۆسەی بێدەنگکردنی موەلیدەکان تەواو بکرێت، هەر موەلیدەیەکیش پابەندی رێنماییەکانی لیژنەکە نەبێت، بە پێبژاردن سزا دەدرێت."
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 5 هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی هەن و لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، کارەبا هاووڵاتییان دابین دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی و جەنەراڵ کێڤن لێیهی

مەسرور بارزانی و فەرماندەی گشتیی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان تاوتوێی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد و ستایشی پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان دووپات کردەوە.