كچێكى 15 ساڵان خۆى ده‌كوژێ

22-07-2019
عومەر چاوشین
نیشانەکردن خۆکوشتن
A+ A-

رووداو - رانیه‌

خێزانى خه‌نده‌ پلانیان دانابوو سه‌فه‌رى هه‌ولێر بكه‌ن و چه‌ند رۆژێك له‌وێ بمێننه‌وه‌، به‌ڵام خه‌نده‌ پلانه‌كه‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى به‌ گولله‌یه‌كى ده‌مانچه‌ خۆى بریندار كرد و له‌ رێگه‌ى نه‌خۆشخانه‌ گیانى سپارد. 

ئێواره‌ى رۆژى چوارشه‌ممه‌ 17/7/2019 كچێكى ته‌مه‌ن 15 ساڵ به‌ناوى (خه‌نده‌.ح.ب) دانیشتووى گه‌ڕه‌كى شه‌هیدان له‌ قه‌زاى رانیه‌، به‌ گولـله‌یه‌كى ده‌مانچه‌ كۆتایى به‌ ژیانى خۆى هێنا.

(رووداو) په‌یوه‌ندى به‌ گوته‌بێژى پۆلیسى رانیه‌وه‌ كرد، به‌ڵام به‌بێ هیچ هۆكارێك ئاماده‌نه‌بوون هیچ لێدوانێك له‌باره‌ى خۆكوشتنى ئه‌و كچه‌ بده‌ن. نووسینگه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى دژى ئافره‌تانیش گوتیان، تاوه‌كو پۆلیس دۆسیه‌كه‌یان بۆ ره‌وانه‌ نه‌كات، ناتوانن هیچ قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ن.

محه‌ممه‌د سه‌ید عه‌بدوڵڵا، به‌رپرسى به‌شی كارگێڕی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی رانیه‌ به‌ (رووداو)ی گوت: "ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ كچێكی ته‌مه‌ن 15 ساڵ به‌ برینداری گه‌یه‌ندرایه‌ به‌شی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌كه‌مان، دوای ئه‌وه‌ی گشت رێكارێكی پزیشكی بۆ كرا، له‌به‌ر سه‌ختیی برینه‌كه‌ی به‌ڕێكرا بۆ سلێمانی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ رێگه‌ پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی ده‌رچوو". 

محه‌ممه‌د سه‌ید عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت به‌گوێره‌ى ئه‌و پشكنینانه‌ى بۆ كچه‌ برینداره‌كه‌ كران، كچه‌كه‌ گولـله‌یه‌كى له‌ نێوچه‌وانى داوه‌ و له‌ پشتى سه‌رى ده‌رچووه‌. گولـله‌كه‌ مێشكى به‌ ته‌واوى له‌ نێوبردبوو.

هه‌ر دواى خۆكوشتنى خه‌نده‌، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا وا بڵاوكرایه‌وه‌ گوایه‌ خه‌نده‌ كچى ئه‌و ماڵه‌ نه‌بووه‌ كه‌ خۆى تێدا كوشت، به‌ڵكو به‌ منداڵى له‌لایه‌ن ئه‌و ماڵه‌وه‌ هه‌ڵگیراوه‌ته‌وه‌، كاتێكیش بۆى ئاشكرا بووه‌ كه‌ ئه‌و هه‌ڵگیراوه‌ته‌وه‌، خۆى كوشتووه‌.

ئه‌و پیاوه‌ى خه‌نده‌ى به‌خێوكردووه‌، منداڵى نه‌بووه‌، وه‌ك كه‌سوكاره‌كه‌ى باسى ده‌كه‌ن، به‌یانییه‌ك چووه‌ بۆ مزگه‌وت گوێى له‌ گریانى منداڵێك بووه‌، كاتێك نزیكبووه‌ته‌وه‌، بینیویه‌تى مه‌لۆتكه‌یه‌ك له‌ نێو په‌ڕۆیه‌ك پێچراوه‌ و له‌به‌رده‌م مزگه‌وته‌كه‌ فڕێدراوه‌. ئه‌ویش كه‌ منداڵى نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ى به‌ ده‌رفه‌ت زانیوه‌ و منداڵه‌كه‌ى هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه‌. پاشان له‌ دادگا به‌ناوى "خه‌نده‌"ـه‌وه‌ خستوویه‌تییه‌ سه‌ر ناوى خۆى و به‌ڵێنى داوه‌ به‌خێوى بكات.

سه‌ڵاح حاجى برایم كه‌ مامى خه‌نده‌یه‌، له‌ پرسه‌ى برازاكه‌یدا قسه‌ى بۆ (رووداو) كرد و گوتى: "براكه‌م ته‌نیا ئه‌و كچه‌ى هه‌بوو، ئه‌ویش كچى راسته‌قینه‌ى نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ڵیگرتبووه‌وه‌، به‌ڵام زۆر به‌باشى په‌روه‌رده‌ى كردبوو. تاكه‌ ئاواتى براكه‌م ئه‌وه‌بوو كچه‌كه‌ گه‌وره‌ ببێ و به‌ شووى بدات".

ئه‌و مامه‌ی خه‌نده‌ باسى رۆژی رووداوه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: "له‌ كاتى رووداوه‌كه‌ خه‌نده‌ به‌ ته‌نیا له‌ماڵه‌وه‌ بووه‌. ته‌له‌فۆنیان بۆ كردم گوتیان خه‌نده‌ برینداره‌، له‌ نه‌خۆشخانه‌ی رانیه‌ ویستمان بیگه‌یه‌نینه‌ سلێمانی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ گیانى ده‌رچوو".

كه‌سوكارى خه‌نده‌ نازانن بۆچى خۆى كوشتووه‌، چونكه‌ وه‌ك ئه‌وان ده‌ڵێن هیچ كێشه‌یه‌كى نه‌بووه‌، دواى خۆیشى هیچ په‌یامێكى جێنه‌هێشتووه‌ كه‌ باسى خۆكوشتنه‌كه‌ى بكات.

سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیه‌ى له‌ نێو خه‌ڵك بڵاوبووه‌ته‌وه‌، گوایه‌ خه‌نده‌ دواى ئه‌وه‌ى زانیویه‌تى كچى راسته‌قینه‌ى ئه‌و ماڵه‌ نییه‌، خۆى كوشتووه‌. سه‌ڵاح ده‌ڵێت: "ئێمه‌ش گوێمان له‌و قسه‌یه‌ بووه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ راست بێ كه‌ به‌ خه‌نده‌یان گوتبێ كچى ئه‌و ماڵه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ بێویژدانییه‌، به‌ڵام رێى تێده‌چێ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى خۆكوشتنى ئه‌وه‌ بووبێ".

باوكى خه‌نده‌ مامه‌ڵه‌ى كڕین و فرۆشتنى چه‌ك ده‌كات، ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ى كه‌ خه‌نده‌ خۆى پێ كوشت، هى باوكى بووه‌. مامی خه‌نده‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ باوكى بۆ ئه‌وه‌ كڕیبووى كه‌ بیفرۆشێته‌وه‌ و قازانجێكى لێ بكات، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ خه‌نده‌ خۆى پێ كوشت".

گوتیشى: "كه‌س له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بووه‌ كارێكی وا بكات، چونكه‌ هیچ كێشه‌یه‌كى نه‌بووه‌، نه‌خۆشیى ده‌روونیشى نه‌بووه‌ تا بڵێین به‌و هۆیه‌وه‌ خۆى كوشتووه‌".

به‌پێى ئامارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى دژى ئافره‌تان، له‌ نیوه‌ى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوودا له‌ سنوورى پشده‌ر و بیتوێن چوار ئافره‌ت خۆیان كوشتبوو، به‌ڵام له‌ نیوه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا هیچ ئافره‌تێك له‌و سنووره‌ خۆى نه‌كوشتووه‌، خۆكوشتنى خه‌نده‌ ده‌بێته‌ یه‌كه‌م حاڵه‌تى خۆكوشتنى ژنان له‌ نیوه‌ى دووه‌مى ئه‌مساڵ له‌و ده‌ڤه‌ره‌.

كه‌سێكى نزیكى ماڵى خه‌نده‌ كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌، ده‌ڵێت: "ئه‌و ماڵه‌ى خه‌نده‌یان به‌خێو ده‌كرد منداڵیان نه‌ده‌بوو، بۆیه‌ كاتێك ئه‌و منداڵه‌یان دۆزییه‌وه‌، بڕیاریان دا به‌خێوى بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌و دادوه‌ره‌ى بڕیارى دا منداڵه‌كه‌ بدرێته‌ ئه‌و خێزانه‌، خۆى ناوى له‌ منداڵه‌ نا، خه‌نده‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ گوتیشی: "خه‌نده‌ بۆ خۆی نه‌یده‌زانی كچی ئه‌و ماڵه‌ نییه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی خزم و خه‌ڵكی دیكه‌ ده‌یانزانی، ئێستا له‌ نێو خه‌ڵك وا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ خه‌نده‌ گوتراوه‌ كچى راسته‌قینه‌ى ئه‌و خێزانه‌ نییه‌، كاتێك به‌مه‌ى زانیوه‌ یه‌كسه‌ر خۆى كوشتووه‌، رێى تێده‌چێ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ خۆى كوشتبێ، ئه‌گه‌رنا هیچ كێشه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ ئه‌و ژن و پیاوه‌دا نه‌بووه‌".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە