بەشێك لە جووتیارانی کەرکووک لە ترسی سووتاندن، زووتر لەوادەی خۆی دەست بە دروێنەی گەنم دەکەن

23-05-2022
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
دروێنەی گەنم لە کەرکووک
دروێنەی گەنم لە کەرکووک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە جووتیارانی کەرکووک دەستیان کردووە بە دروێنەکردن، ئەوان ترسی ئەوەیان هەیە عەرەبی هاوردە گەنمەکە ببەن، بە بیانوی ئەوەی کاتی خۆی لە پرۆسەی تەعریبکردندا زەوییەکە بەوان دراوە. 

جووتیارێک بە ناوی موحسین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵانە ئاگر دەکەوێتەوە، کاتێک پێدەنێینە وەرزی دروێنە جووتیارەکان هەموو دەکەونە ترس و دڵەڕاوکێ و هەمووی پەلەی ئەوەیەتی دەڕاسەی دەستبکەوێ و دروێنە بکەن، ئێستا من ئەو پارچە زەوییەم دروێنە کردووە کە کەمێک وشکبووە".

کێشەی بەعەرەبکردنی زەویی کورد و بوونی رووبەرێکی زۆری بۆشایی ئەمنی لە سنووری کەرکووک وایکردووە، جووتیاران پەلە بکەن لە دروێنە بە جۆرێک بەشێکی زۆری ئەو گەنمەی دووراوەتەوە هێشتا سەوزە و تەڕایی تێداییە.

مزەفەر پیرداود، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "خەڵک لە ترسی عەرەبی [هاوردە] و سووتان پەلە دەکات لە دوورینەوە، بۆیە دەبێت لەسەر نایلۆن هەڵبخرێت و وشک بکرێتەوە". 

گەنم چەندە دوابخرێت و ماوەی خۆی تەواو بکات باشتر و جوانتر دەبێت، بەڵام لەبەر کێشەی ئەمنی و ترسی سووتاندنی دەخڵەکانیان، جووتیاران پەلە لە درووێنەی بەرهەمەکانیان دەکەن.

تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کەرکووک، لە دۆخی ئامادەباشیدان دەشڵێن، توانای رووماڵکردنی هەموو سنووری کەرکووکیان نییە و باشتر وایە ئەو خاڵانە جێبەجێبکرێت کە دەخڵەکان لە مەترسیی سووتان دەپارێزێت.

عەمید ساڵح محەممەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کەرکووک دەڵێت، "هەندێک ئاگرکەوتنەوەمان هەیە کە سەرچاوەکەی شۆرتی کارەبایە یان ئەو ئامێرانەیە کە دروێنەی پێدەکرێ ئاگر دەدزێ و بەشێکشی بەهۆی کاری منداڵەوەیە، ئومێدەوارین
پارێزگاری کەرکووک هاوکاریمان بکات یان ئەو کەسانەی تانکەریان هەیە، چونکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاگر زیاتر پێویستمان بە ئاوە".

ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگای کەرکووک، رووبەری 580 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراو سووتان، بکەری هەندێکیان نادیار بوون و هەندێکشیان داعش بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە