ئەوقافی دهۆک چەند بڕیارێک لەبارەی پرسەوە دەدات

22-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆک رایگەیاند، لەمەودوا پرسە یەک رۆژ دەبێت و وێنەگرتنی پرسە و بڵاوکردنەوەی لە پەیجەی عەشیرەتەکان قەدەخەیە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەڵێت، بڕیارەکانیان لەسەر داوای خەڵک داوە.
 
ئەوقافی دهۆک فەرمانێکی کارگێڕیی بە ژمارە 740 بە واژۆی ناسیح محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی دهۆک دەرکردووە، کە تێیدا هاتووە، "رێوڕەسمەکانی بەڕێوەچوونی پرسە یەک رۆژ دەبێت."
 
هەر لەو فەرمانە کارگێڕییەدا وێنەگرتنی رێوڕەسمی پرسە و بڵاوکردنەوەی لە پەیجی عەشیرەتەکان قەدەخە کراوە. جگە لەوەش "بڵاوکردنەوەی وێنەی کۆچکردووان لەسەر بڵاوکراوە هەڵواسراوەکانی پرسەنامە قەدەخەیە."
 
ناسیح محەممەد ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوانەی قەدەخە کراون پێشتر ناڕەزایی زۆر دژیان هەبووە و خەڵک نیگەرانییەکانیان گەیاندووەتە ئێمە، لەسەر داوای ئەو خەڵکە ئێمەش بڕیارمان داوە."
 
پێشتر لە سنووری دهۆک پرسە دانان لە مزگەوتەکان دوو رۆژ بووە. بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی دهۆک دەڵێت، "بڕیارەکە بۆ تەواوی پارێزگای دهۆکە نەک تەنیا شاری دهۆک."
 
ناسیح محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکەیان لە کاتێکدا داوە، مانگی رەمەزان وەکو تاقیکردنەوە پرسەیان کردووە بە یەک رۆژ، دواتر راپرسییەکیشیان کردووە، دەرکەوتووە کە خەڵک لەگەڵ ئەوەن پرسە یەک رۆژ بێت.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی دهۆک، لە مانگی رەمەزاندا هیچ کەسێک سەرپێچی نەکردووە لەوەی دەبێت پرسە یەک رۆژ بێت. گوتیشی، "لەمەودوا مزگەوتەکانیش یەک رۆژ زیاتر مۆڵەت بۆ پرسە نادەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە