رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی خەڵکی هەڵەبجە هەوڵدەدات ئیمۆجیی ئاڵای کوردستان بۆ کیبۆرد زیاد بکات، بۆ ئەو مەبەستەش داوای پاڵپشتیی هاونیشتمانییان دەکات.
هەڵمەتەکە لە رۆژی 21ـی ئاداری 2024 دەستپێکردووە، بڕیارە بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام بێت.
بۆکان جاف، رێکخەری هەڵمەتەکەیە و داوا دەکات هاونیشتمانییان لە کۆمێنت و پۆستەکانیان ئاڵای تاجیکستان دابنێن، بەو پێیەی شێواز و رەنگەکانی ئاڵای ئەو وڵاتە لە ئاڵای کوردستانەوە نزیکە، بۆیە ئەوە وەکو ئاماژەیەکە بە بەرپرسانی یونیکۆد کە داواکارییەکی زۆر بۆ دانانی ئاڵای کوردستان هەیە.
بۆکان جاف دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرسە، پێشتر رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە زیادکردنی زمانی کوردیی ناوەندیی بۆ وەرگێڕانی گووگڵ، ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدایە ئاڵای کوردستانیش بۆ ئیمۆجییەکان زیاد بکات.
بۆکان جاف لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ژیار حەکیم، پێشکێشکاری رووداو رایگەیاند، سەرکەوتنی پڕۆژەکە پەیوەستە بە دیدگە و ویستی هاونیشتمانییان، ئەگەر هەوڵ بدرێت، دەتوانن ئیمۆجییەکە زیاد بکەن. هەروەها داوای لە هاونیشتمانییان کرد ئیمۆجیی ئاڵای تاجیکستان لە کۆمێنت و پۆستەکانیان بەکاربهێنن.
یونیکۆد دامەزراوەیەکی بێلایەنە ئامانجیان بەجیهانیکردنی سۆفتوێر و خزمەتگوزارییەکانە. کارەکانیان لە زیاتر لە 20 ملیار ئامێر بەکاردەهێنرێن. ئیمۆجییەکان لەلایەن ئەو دامەزراوەوە دروستدەکرێن، بەشێوەیەکی گشتی تەنیا ئیمۆجیی ئاڵا بۆ ئەو شوێنانە دادەنێن کە وڵاتێکی سەربەخۆن، بۆ هەرێم، ویلایەت و ناوچەکان ئیمۆجیی تایبەت دروست ناکەن. بەڵام بە گوتەی بۆکان جاف، هەندێک ناوچەی دیکە کە وڵات نین ئیمۆجییان هەیە، وەکو، دوورگەکانی فارۆ، گرین لاند و جەمسەری باشوور.
لەبارەی ئەوەی چەند جار ئاڵای تاجیکستان پێویستە بۆ ئەوەی کە ئاڵای کوردستان زیاد بکرێت، بۆکان جاف رایگەیاند، چەند زیاتر ئیمۆجیی ئاڵای تاجیکستان بەکاربهێندرێت، ئەگەری دروستکردنی ئیمۆجیی ئاڵای کوردستان زیاتر دەبێت.
ئاماژەی بەوەش دا، لە 21ی ئادارەوە بۆ 21ی نیسان داتای بەکارهێنانی ئیمۆجیی ئاڵای تاجیکستان وەردەگرن و پێشکێشی رێکخراوی یونیکۆدی دەکەن، بۆ ئەوەی داتایەکیان دەستبکەوێت لەو ماوەدا چەند جار ئیمۆجییەکە بەکارهاتووە.
بۆکان جاف دەڵێت، نابێت لە ماوەیەکی کەمدا چەند جارێک ئیمۆجیی ئاڵای تاجیکستان دابنرێ، چونکە ئەگەری هەیە هەژمارەکە لەکاربخرێت، بۆیە دوو کاژێر جارێک ئیمۆجییەکە دابنرێت باشترە.
پێشتر هەوڵدراوە بۆ زیادکردنی ئیمۆجیی ئاڵای کوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە هیچیان نەبوونەتە هۆی رازیکردنی رێکخراوی یونیکۆد، هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ