رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ لە 18 پارێزگای باکووری کوردستان بەفر دەبارێت. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی تورکیا داوا لە هاووڵاتییان دەکات، هۆشیارانە مامەڵە بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی تورکیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ شەممە، 22ی شوباتی 2025 لە پارێزگەکانی ئێلیهـ، سێرت، جۆلەمێرگ، شرنەخ، بەدلیس، وان، مووش، چەولیگ، ئەرزەڕۆم، ئاگری، ئیدر، قەرس، ئەردەخان، ئەرزینگان، مەڵەتی، خارپێت، دێرسم و سێواز بەفر ببارێت.
هەر بەگوێرەی کەشناسیی تورکیا، لە هەموو ئەو پارێزگایانەدا پلەی گەرما دادەبەزێت، بەجۆرێک لە هەندێک کات و هەندێک شوێن دەگاتە 12 پلەی ژێر سفر.
دوێنێ هەینی، بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی 306 گوند لە بەدلیس، 303 گوند لە شرنەخ، 150 گوند لە خارپێت، 99 گوند لە سێرت، 75 گوند لە ئیدر، 50 گوند لە جۆلەمێرگ و 19 گوندیش لە شرنەخ داخران.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی تورکیا داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە ئەگەری بەفری زۆر و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ ئاگاداری خۆیان بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ