رووداو دیجیتاڵ
شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێویستە پێش دەستپێکردنی هەناردەکردنەوە، رێککەوتنێک لەسەر دیاریکردنی بڕێک نەوت بۆ مەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی بکرێت.
شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمشەو (شەممە، 22ـی شوباتی 2025) لە وەڵامی روونکردنەوەیەکی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت، رایگەیاند پابەندن بە جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، کە پەیوەندیی بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەیە، لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ).
شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کە رۆژی 18-2-2025 لە هەولێر کرا، ئەوە دووپاتکرایەوە "جێبەجێکردنی یاساکە پێویستی بەوەیە، پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن؛ رێککەوتنێک بکرێت لەسەر دیاریکردنی بڕێک بۆ مەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی بەپێی پێویستییەکانی هەرێم و پابەندبوونەکانی، هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق، بەڵام لایەنی فیدراڵی گوتوویانە ئەو کارە پێویستی بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە."
شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "هەناردەکردنەوە پێویستیی بە رێککەوتن هەیە لەسەر میکانیزمێکی دیاریکراو و روون بۆ پێدانی شایستەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بە حکومەتی هەرێم، بەپێی ئەوەی لە یاساکەدا هاتووە و بە وردی کە لە کۆنووسی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیدا هاتووە. لایەنی فیدراڵی روونیکردەوە کە ئەم بابەتە پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە هەیە و پێویستە ئەم بابەتە لەگەڵ ئەواندا تاوتوێ بکرێت."
ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، "رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە تەواو بوون."
وەزارەتی نەوتی عێراق، داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کرد، "بەرهەمی کێڵگە کاراکان بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت بنێرێت، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن."
شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داوا دەکات "پێویستە ئەو پرسانەی باسکران، خێرا چارەسەر بکرێن و، لەگەڵ وەرگرتنی رەزامەندی لە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، کە لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باسمان کردوون."
هەروەها دەڵێ حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پێویستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکاتەوە بە زووترین کات، لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) و دانانی داهاتەکانی لە گەنجینەی فیدراڵی.
لە ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەبەرژەوەندیی حکومەتی فیدرالیی عێراق، کاتێک رایگەیاند، تورکیا رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە رێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە، بێ ئەوەی رەزامەندی لە بەغدا وەربگرێت.
پەرلەمانى عێراق، رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد، هەموارەکە بڕگەى (ج) لە بەندى یەکەمى مادەى 12ـى یاساکەى هەڵوەشاندەوە و داڕشتەیەکى نوێى جێگیر کرد.
رۆژی 18ـی شوباتی 2025، هەموارى یاسای بودجەى گشتى عێراق لە رۆژنامەى وەقائعیى عێراقى بڵاوکرایەوە و بەوەش بەفەرمى کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە.
هەموارەکەی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە. تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە ماوەی 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ