ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ هەنگاوێکی زۆرباش بوو

22-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە. هەردوولا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت. ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیش بە رووداوی گوت، "ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوێکی زۆر باشبوو."
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ شەممە، 22-02-2025، لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کرا. سەرچاوەیەکی باڵا لەنێو یەکێتی کە ئاگاداری کۆبوونەوەکەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو، بە گشتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەنگاوێکی باش بوو."
 
پارتی و یەکێتی دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد و رایانگەیاند، بڕیاریاندا درێژە بە کۆبوونەوەکانی نێوانیان بدەن "بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسندکراو لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان".
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەخستنەڕوو و گفتوگۆکردنی راپۆرتی لیژنەی هاوبەشی هەردوولا کە بریتیبوو لە؛ تێڕوانینی سیاسی، کارگێڕی و هەنگاوەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی دیکە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرنج و تێبینی وەفدی دانوستاندنکاری هەردوولا خرایەڕوو و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنیەتی رێکخستنەوە و رێککەوتن لەسەر کۆی بابەتەکان قسەی لەسەر کرا."
 
لیژنەیەکی تەکنیکی لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهێنراوە بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی کابینەی نوێی حکومەت. لیژنەکە دوای پێنج کۆبوونەوە، رەشنووسێکیان ئامادەکرد بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەیان دوای ئامادەکردنی رەشنووسەکە کرد.
 
لیژنەی تەکنیکیی پارتی بەسەرۆکایەتیی پشتیوان سادق و ئەندامیێتیی دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح بوو. شاندی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی رێواز فایەق و ئەندامیێتی هەریەک لە شاڵاو شێخ سەلاح و ئامانج رەحیم بوو.
   
زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سەلاح دەروێش، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ لە سووریا میوانی بووڵتنی دلبخوین دارا بوو

پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا: شاندی یەکگرتووی کوردی 9 ئەندامی دەبێت

سکرتێری پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا دەڵێت، تاوەکو ئێستا بانگهێشتنامەی فەرمییان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی نەتەوەیی پێنەگەیشتووە. گوتیشی، ''کۆنفرانسەکە تەنیا بۆ قبووڵکردنی بۆچوونێکی هاوبەشە لەنێوان لایەنەکان.''