رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی رایگەیاند، بۆ جیاکردنەوەی تاكسییەکانی نێو شار و دەرەوەی شار، لەم هەفتەیەوە لۆگۆی نوێ لە تاكسییەكان دەدرێت.
ئازاد ئەحمەد، سەرۆكی سەندیكای شۆفێرانی سلێمانی ئەمڕۆ (شەممە، 22ـی شوباتی 2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "هەموو ساڵێک لە سلێمانی بەمەبەستی جیاکردنەوەی کاری تاکسیی نێو شار و دەرەوەی شار، هەروەها بۆ ئەوەی بزانین لە کوێ دێن و بۆ کوێ دەڕۆن، لۆگۆی نوێ لە تاکسییەکان دەدەین."
ئەم لۆگۆیە لەلایەن سەندیکای شۆفێرانی سلێمانییەوە لە تاکسیەکان دەدرێت. سەرۆكی سەندیكاکەش دەڵێت، "ئەو لۆگۆیە سوورە، ناوی شوێنەکانیان نووسراوە و بێبەرامبەر لە جامی پێشەوەی تاكسییەكان دەدرێت."
ئازاد ئەحمەد دەڵێت "ئامانج لە نوێکردنەوەی ئەم لۆگۆیانە، ئاسانکارییە بۆ شۆفێران و هاووڵاتیان و دیاریکردنی هێڵی تاکسییەکان و شوێنەکانیانە بۆ ئەوەی تاکسیی ناوەوەی شار و دەرەوەی شار لەیەکدی جیابکرێنەوە، سەرەتا لە تاكسیی هێڵەكانی بەغداوە دەستپێدەكات."
بەگوتەی سەرۆكی سەندیكاکە، هەرکەسێک سەرپێچی بکات و بڕواتە هێڵێک کە هی ئەو نییە، بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی سلێمانیی لێ ئاگادار دەکەنەوە، بۆ ئەوەی سزای بدەن.
لە پارێزگای سلێمانی 28 هەزار تاکسی هەن. 2800 تاکسی لە هێڵەکان دەرەوە کار دەکەن، لەوانە 106 تاکسی لە هێڵی سلێمانی - هەولێر، 300 تاکسی لە هێڵی سلێمانی - بەغدا، 130 تاکسی لە هێڵی سلێمانی - کەرکووک کاردەکەن، ئەوانی دیکەش لە هێڵەکانی دیکەن.
بەپێی شوێنەکان، نرخی جێگیر بۆ هێڵەکان دیاریکراوە. سەرۆكی سەندیكای شۆفێرانی سلێمانیش ئاماژەی بەوە دا، هەر 15 رۆژ جارێک، لیژنەکانی پشکنین چاودێری نرخەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ