رووداو دیجیتاڵ
دوو شاخەوان لە چیای ئەشتەران نزیک شاری ئەزنا سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێسەروشوێن بوون. قایمقامی شارەکە دەڵێت، تائێستا بەدیاریکراوی شوێنی بێسەروشوێنبوونیان نەدۆزراوەتەوە.
ئەمڕۆ (شەممە، 22ـی شوباتی 2025) حەبیب عەسگەری، قایمقامی شاری ئەزنا سەر بە پارێزگای لورستان رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، گەڕان بە دوای ئەو دوو شاخەوانە بەردەوامە، کە دوو رۆژە لە چیای ئەشتەرانی ناوچەکە بێسەروشوێن بوون.
حەبیب عەسگەری گوتی، تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتن هەوڵی دۆزینەوەی ئەو دوو شاخەوانە دەدەن، ''بەڵام بەهۆی بارینی بەفر و باوبۆرانی بەهێز، تاوەکو ئێستا بەدیاریکراوی نەگەیشتووینەتە شوێنی دیارنەمانیان.''
شاخەوانەکان خەڵکی ئەراکن لە پارێزگای مەرکەزی، بێسەروشوێنبوونیان لەکاتێکدایە لە 48 کاژێری رابردوودا بەفری زۆر لە بەرزاییەکانی شارەکە باریوە و رێگەی چەندین گوند گیراوە.
چیایی ئەشتەران بە ئاڵپی ئێران ناسراوە و یەکێکە لە بڵندترین چیاکانی زنجیرە چیای زاگرۆس، کە بە شاخ و لووتکەی بەرز و سرووشتە جوانەکەی، وەکو ناوچەیەکی گەشتیاریی پارێزگای لوڕستان دەناسرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ