کوردستان
دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''
تیمێکی زانکۆی کوردستان-هەولێر لە 29ـیەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا ناسراو (کۆپ29) بەشدارە کە لە ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت.
لەوبارەوە دانا مەولوود، جێگری سەرۆکی زانکۆکە لە بووڵتەنی کۆڕۆژی 21ـی تشرینی دووەم کە جەعفەر موبەشیرنیا و رێبوار عەلی پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، ''ئێمەش وەکو زانکۆی کوردستان، بانگهێشت کراوین لە کۆپ29ـدا بەشدار بین و چەندین پانێڵ و چالاکیمان دەبێت.''
بەگوتەی د. دانا مەولوود، تیمەکەی زانکۆی کوردستان توێژینەوەیەکیان لەسەر چیاکانی زاگرۆس لە باشووری کوردستان پێشکێشکردووە، ''ئەمە زۆر گرنگ بوو بۆ بەشداربووان، تاوەکو ئێستا عێراقیان بەوە ناسیوە تەنیا بیابانی هەیە، بەڵام ئێمە روونمان کردەوە کە بەشێکی عێراق کوردستانە و، بریتییە لە چیا، باران و بەفر و دەتوانین پێکەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی چیایان هەیە، کاریان لەسەر بکەین.''
وەک جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی بەفر و باران، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەمبوونەوەی دارستان و سووتانی هەیە، ''بۆیە بە پێویست زانرا؛ توێژینەوەی زیاتر لەسەر چیاکانی کوردستان بکرێت.''
دانا مەولوود ئەوەشی خستەڕوو، ئەو وڵاتانەی چیای بڵندیان هەیە، وەکو سویسرا، ئەڵمانیا و نەمسا، توێژینەوەی باشیان لەسەر چیاکانیان کردووە، ''بەڵام هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، بۆیە بە پێویستمان زانی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، توێژینەوەی زیاتر لەم بابەتە بکرێت و، هەموو وڵاتان بە شێوەیەکی رەسەن پێکەوە کار بکەین و بەرەنگاری گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە.''
جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان باس لەوە دەکات، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر چیاکانی زاگرۆس هەبووە، ''جاران بەفرمان دەبوو و ماوەیەکی زۆر دەمایەوە، بەڵام ئێستا ماوەیەکی کەم دەمێنێتەوە و دەتوێتەوە، ئەوانە هەموو کاریگەریی زۆر گەورەیان هەیە، کاریگەرییەکەشی نەک تەنیا لەسەر خەڵکی کوردستان، بەڵکو جێگەی بایەخی ئەو وڵاتانەیە کە چیای بڵندیان هەیە و توانەوەی بەفر، کاریگەریی لەسەر داناون.''
دانا مەلوود ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوەی بتوانن چیاکانی زاگرۆس زیاتر لە گۆڕانی کەشوهەوا بپارێزن، پێویستە لەگەڵ ئێران و تورکیا کە بەشێکی زنجیرە چیاکە دەکەوێتە نێو سنووری ئەو وڵاتانەوە، هاوئاهەنگییان هەبێت و پێکەوە کار بکەن، ''ئێمە دەرگەمان بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی کراوەیە.''
جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ چەند زانکۆیەکی سویسری و ئەڵمانی قسەیان کردووە و توانیویانە باوەڕیان پێبهێنن سەردانی کوردستان بکەن و بە چاوی خۆیان بیبینن و لەگەڵ ناوەندی ژینگەیی لە زانکۆی کوردستان-هەولێر و توێژینەوەی هاوبەش بکەن.
جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، "پێویستە بەزووترین کات کار لەسەر چیاکانی زاگرۆس و توانەی بەفر بکرێت، چونکە توێژینەوەی رەسەن پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و پێویستی بە زانیاریی راستەقینە هەیە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بەرەنگاری ئەم ئاڵنگارییانە ببینەوە، کە تووشی چیاکانی کوردستان هاتوون.''
کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا 11-11-2024 لە باکوو دەستیپێکرد و تاوەکو 22 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. کۆپ29، بە کۆبوونەوەیەکی گرنگ دادەنرێت بۆ پارەدارکردنی وڵاتانی هەژار بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ