رووداو- هەولێر
هێزەكانی پێشمەرگە لە چوار قۆڵی ناحیەی زوممارەوە هێرشەکانی داعش تێکدەشکێنن و 13 چەکداریان لێ دەکوژن. لە میحوەری خازریش پێكدادان لە نێوان هەردوولا بەردەوامە و بەهۆی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانیش لە نزیك زوممار و بەنداوی موسڵ زۆرتر لە 100 چەكداری داعش كوژراون و برینداربوون.
سەرچاوەیەکی باڵای پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەکدارانی داعش رۆژی سێشەممە لە گوندەکانی حەمەگوڵ و شکاک و کانی شیرین لە باشوور و باشووری رۆژئاوای زوممار، لە کاژیر 6ی بەیانییەوە هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە و بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ و تا ئێستاغش شەڕ بەردەوامە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی بەوەدا، لە قۆڵی گوندی سەهلج کە دەکەوێتە چەلداران هێرشیان بەرەو بەنداوی موسڵ هێناوە و هێزەكانی پیشمەرگەش بەتووندی وەڵامیان داونەتەوە، 13 چەکداری داعش كوژراون و زۆرتر لە 20 چەکداریشیان برینداربوونە.
گوتیشی: "13 چەکدارە کوژراوەکەی داعش تەرمەکانیان لە نێوان هەردوولادا جێماون، داعش ناوە ناوە هێرش دەکات تا تەرمەکان بباتەوە، بەڵام پێشمەرگە رێگری دەکات."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئێستا شەش فڕۆکەی جەنگی هێرشیان کردووەتە سەر بنكەکانی چەکدارانی داعش لە نزیک زوممار و بەنداوی موسڵ و زۆتر لە 40 چەکداریان کوشتوون، جگە لە برینداربوونی نزیکەی 60 چەکداری دیكە. زوممار دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شاری موسڵ و بەنداوی موسڵیش دەکەوێتە رۆژهەڵاتی زوممار.
هەروەها عیسمەت رەجەب، بەرپرسی لقی 14ی موسڵی پارتی دیموكراتی كوردستان و فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگە لە چیایی بەعشیقە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چەكدارانی داعش لە چەند قۆڵێكەوە لە چیایی زەردك و گوندی حەسەن شام هێرشیان كردووە، بەڵام لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە تێكشكێندراون و پێشڕەوییان نەكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەكو ئێستاش بە چەكی قورس بۆردوومانكردن و پێكدادان لە نێوان هەردوولا بەردەوامە، ژمارەیەك پێشمەرگەش برینداربوون بەڵام هیچ پێشمەرگەیەك لەو میحوەرە شەهیدنەبووە.



