رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگریی و ئاسایش لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، دەستگیرکردنی دوو کەسی بە تۆمەتی "تیرۆر" لە سلێمانی و کەرکووک راگەیاند.
رۆژی سێشەممە 21-05-2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگریی و ئاسایش لە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی و ئاسایشی سلێمانی تیرۆریستێکیان لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکرد. تۆمەتبارەکە بەگوێرەی مادەی 4/1ـی تیرۆر، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە".
هەروەها دەشڵێت، "پاڵپشت بە زانیاریی هەواڵگریی ورد هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی و ئاسایشی کەرکووک، تیرۆریستێکی ترسناکیان لە سەنتەری شاری کەرکووک دەستگیرکرد، ئەوەش بە هاوکاری هێزەکانی کۆماندۆی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و هێزە رەشەکەی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک".
چەند رۆژێک لەمەوبەریش، هەواڵگریی عێراق دەستگیرکردنی چەندین کەسی دیکەی بە تۆمەتی تیرۆر و فێڵکردن راگەیاندبوو.
رۆژی دووشەممە، 13ی ئایاری 2024، ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئاژانسی هەواڵگریی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەغدا-رەسافە، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد، کە ناسراوە بە "میفتاح و شێرەکەی کەرکووک".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو کەسە تۆمەتبارە بە فێڵکردن لە خەڵک، پۆست و پلەی بۆخۆی داتاشیوە و خۆی بە نزیکی هەندێک بەرپرسی حکومی ناساندووە.
ئەو کەسە دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادگە دەستگیرکراوە. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، تۆمەتبار دانی بە چەندین کردەوە و فێڵکردن ناوە.
رۆژی دووشەممە، 13ی ئایاری 2024، دەزگای ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا دوو کەسیان دەستگیرکرد، کاری ئاڵوگۆڕی دراویان کردووە، لە وڵاتێکی دراوسێوە پارەی حەواڵەی رێکخراوی داعشیان وەرگرتووە و بەناوی کەفالەت بەسەر ئەندامانی داعش دابەشیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ