رووداو دیجیتاڵ
ئامارى رووداوەکانى کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمى کوردستان روو لە هەڵکشانە، بەپێى ئەو داتایانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە پۆلیسى پارێزگا و ئیدارەکانى وەرگرتووە، بە تەنیا سێ هەفتەى ئەم مانگە نۆ کەس کوژراون و چوار کەسیش خۆیان خنکاندووە، زۆرترین هۆکارەکانیش کێشەى کۆمەڵایەتى و زەویوزار بوون.
رەنگە دیارترین رووداو کوشتنى ئەو پیاوە بێت کە لە سەرەتاى ئەم هەفتەیە لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە قەزاى سەیدسادق بە چەقۆ کوژرا.
عومەر محەممەد، کەسوکارى پیاوە کوژراوەکەی سەیدسادقە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم پیاوە لەگەڵ خێزانى بووە بە دەنگە دەنگیان و لە ئەنجامدا ژنەکەى بە چەقۆیەک کوشتوویەتى."
بەپێى ئەو ئامارەى دەست رووداو کەوتووە، ئەو 9 کەسەى ئەم مانگە کوژروان بەو جۆرەیە:
- لە هەولێر سێ کەس
- لە سلێمانى سێ کەس
- لە دهۆک یەک کەس
- لە ئیدارەی راپەڕینیش 2 کەس
ئەو چوار کەسەیشى خۆیان خنکاندوو بەو جۆرەیە:
- لە هەولێر یەک کەس
- لە سلێمانى یەک کەس
- لە دهۆک یەک کەس
- لە راپەڕین یەک کەس
بۆ بەشێک لەو رووداوانە راگەیێندراوەکانى پۆلیس هەندێکجار دەڵێن کێشەى کۆمەڵایەتی هۆکارى سەرەکییە، هێمن سلێمان، گوتەبێژى پۆلیسى دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زۆرینەى هۆکارەکان بۆ کێشەى کۆمەڵایەتى، دووژمنداری و بارى ئابوورییەوە بوون و چەک بەکارهاتووە."
ئامارى تێکڕای رووداوەکانى کوشتن و خۆکوشتن لە ساڵى رابردوو لە هەموو هەرێمى کوردستان کە وەزارەتى ناوخۆ بڵاوى کردوونەتەوە 25 کەسن کە بەمجۆرەیە:
- هەولێر: 15
- سلێمانى: 5
- دهۆک: 4
- گەرمیان: 1
خۆکوشتنیش 38 کەیس بووە کە بەمجۆرەن:
- هەولێر: 16
- سلێمانى: 2
- دهۆک: 14
- راپەڕین: 3
- سۆران: 3
بەڕێوەبەرى گشتیى پۆلیسى هەرێمى کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات، رووداوەکان کێشەى کۆمەڵایەتین نەک تێکچوونى ئاسایشى کوردستان. لیوا تاریق عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەرى گشتیی پۆلیسى هەرێمى کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کوشتن و خۆکوشتنى کەسێک نابێتەهۆى ئەوەى کە بڵێیت بارى ئارامى و ئاسایش تێکچووە، راستە ئامارەکان زیادیان کردووە، بەڵام زۆرینەیان کۆمەڵایەتین."
زۆرترینى ئەو رووداوانەى لە مانگى نیسان روویاندا، هاوکات بوون لەگەڵ مانگى رەمەزان، لە هەندێکجاردا دەگوترێت هۆکار تووڕەیى و بێ ئارامیى رۆژووەوانە کە پەنا دەباتە بەرهەڵچوون، پاساوێک کە مامۆستایانى ئایینی پێچەوانەکەى بە راست دەزانن.
عوسمان نوورسى، مامۆستاى ئایینییە و باس لەوە دەکات، "ئەو قسانەى کە لەسەر رۆژووەوان دەگوترێت راست نین، ئەسڵەن پاداشتەکە لەسەر ئارامگرتنەکەیە، لە ئیسلامدا کەسێک بکوژیت یان خۆت بکوژیت، سزاکەی هەر وەکو یەکە."
بەپێى بەراوردى تێکڕاى مانگانەى ساڵى رابردوو و تەنیا سێ هەفتەى مانگی نیسانی ئەمساڵ، دەردەکەوێت کە رووداوەکانى کوشتن لە کوردستان 200% زیادیکردووە و خۆکوشتنیش 25% زۆرتربووە.
دانیاڵ سەعدى، پزیشکى نەخۆشییە دەروونییەکانە و دەڵێت، "بەپێى زانستی پزیشکی، دەرکەوتووە لە 94%ـی ئەو کەسانەى خۆیان دەکوژن یان کەسێک دەکوژن، نەخۆشیی دەروونییان هەیە، ئەو 6%ـەی کە دەمێنێتەوە بۆ هەڵچوون و بڕیارێکى لەناکاوە."
بەشى زۆرى تاوانەکانی کوشتنیش بە چەک کراون، ئەو ئامێرە بکوژەى کە ساڵانێکە حکومەت هەوڵ دەدات لە ماڵەکانى دوور بخاتەوە و هێشتاش نەیتوانیوە.
.png&w=3840&q=75)
