رووداو - هەولێر
نەجیب تۆفیق، ناسراو بە عەمید پڵنگ، ماوەی ساڵێک بە تۆمەتی گەندەڵی لە زیندان بوو و حوکمەکەی سێ ساڵ و شەش مانگ بوو، بەڵام کاژێر چواری بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە لە گرتووخانەی چاکسازی گەوران لە شاری هەولێر، لە حەمامی گرتووخانەکەدا بە خنکاوی بینرا.
بەڕێوەبەری پزیشکی داد لە هەرێمی كوردستان لەرووی پزیشکییەوە باسی شوێنەواری گیانلەدەستدانی عەمید پڵنگ دەکات.
عەمید پڵنگ لە 20/4/2014 بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا. ماوەی سێ هەفتەیە گواستراوەتەوە بۆ گرتووخانەی چاکسازی گەوران. بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی رووداو بینیویەتی، عەمید پلنگ بە پەتێکی شین کە گرێی زۆری پێوەبووە، خۆی بە دەرگای حەمامی گرتووخانەکە هەڵواسیوە و بتڵێکی غازی لەژێر پێی داناوە، تەنانەت بەتانییەکیشی لە ژێر بتڵی غازەکە داناوەو کاتێ بتڵەکەی لەژێر پێی خۆی فڕێداوە، لەبەر بەتانییەکە دەنگی نەهاتووە.
وێنەکان وا پیشاندەدەن عەمید پڵنگ ریشی تاشراوبووە و قژی شانەکراو بووە، 100 دۆلاری ئەمریکی و چەند هەزار دینارێكیشی لە پارەی عێراقی پێبووە.
بازیان نەجیب، کوڕی عەمید پڵنگ گومانی هەیە لەوەی باوکی بەخۆی خۆی خنکاندبێت و دەڵێ، باوکی بە ناهەقی گیراوە و کەسی دیکە هەیە تۆمەتبارە، کەچی باوکی ئەو گیراوە. لەبەرئەوەی لە هەولێر نەبوو، بازیان نەجیب لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ رووداو كرد.
بەقسەی بەرپرسانی گرتووخانەی چاکسازی گەورانبێ، چەند رۆژێک بووە عەمید پڵنگ هەر بە تەنیا بووە و تێکەڵی کەس نەبووە. پۆلیسی هەولێریش لەسەر رووداوەکە دەڵێ عەمید پڵنگ 100% بەدەستی خۆی خۆی خنکاندووە. بەڵام لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە هێشتا تەواونەبووە.
گرتووخانەی چاکسازی گەوران نزیکەی 750 کەسی تێدایە، جگە لەو عەمیدە بەرپرسی دیکەش تێدا هەن، کە بە تۆمەتی جیاجیا گیراون و تێیدا هەیە بە حوکمی تاهەتایی سزادراوە، پار ساڵیش لە گرتووخانەی محەتە لە هەولێر پۆلیسێک خۆی خنکاندبوو.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)