لە دەڤەری بارزان ئەمبوڵانسێک وەرگەڕا و پزیشکێک گیانی لە دەستدا

21-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمبوڵانسێک لە کاتی گواستنەوەی نەخۆشێک بۆ نەخۆشخانەی بلێ لە سنووری پارێزگای هەولێر وەرگەڕا و بەهۆیەوە پزیشکێک گیانی لەدەستدا. لقی هەولێری سەندیکای پزیشکان رایگەیاند، "پزیشکی خوالێخۆشبوو، خاوەن بەهای بەرز؛ دڵسۆزی و ئەمەکداری بوو بەرانبەر نەخۆش".
 
رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 21ـی ئادار روویداوە. ئەو پزیشکەی گیانی لەدەستدا ناوی قەحتان جیهاد سوورچییە و پزیشکی نیشتەجێی خولاو بووە.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هاووڵاتییەک لە ناحیەی شێروان مەزن بریندار دەبێت و دەبرێتە نەخۆشخانەی مێرگەسۆر، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی بلێ دەگوێزرێتەوە و لە رێگەدا ئەمبوڵانسەکە وەردەگەڕێت.
 
لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وێڕای سەرەخۆشی رایگەیاند، دکتۆر قەحتان وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو بووە بۆ ئەم مانگە دەوامی فەرمی لە نەخۆشخانەی قەزای مێرگەسۆر بووە و ئەندامی سەندیکا بووە.
 
لقی هەولێری سەندیکای پزیشکان دەڵێت: "پزیشکی خوالێخۆشبوو هەر لە دەستپێکی ژیانی پزیشکیدا وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو خاوەن بەهای بەرزی پزیشکی و دڵسۆزی و ئەمەکداری بووە بەرانبەر نەخۆش و هاوپیشەکان".
 
لە رووداوەکەدا جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو پزیشکە گەنجە، سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ستافی پزیشکی، شۆفێر و هاونیشتمانییەک بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە