رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا "دوو فەرمانی تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایک"ی دەرکرد، یەکێکیان تایبەتە بەو هاووڵاتییە بیانییانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردییان بۆ ئامادە دەکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 21-02-2023 هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی زمانی دایک، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو فەرمانی تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایک دەرکرد.
لە فەرمانی یەکەمدا هاتووە، "لەپێناو گرنگیدان بە زمانی کوردی وەکو زمانی دایک، بڕیارماندا بە راسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە، بە ئامادەکردنی پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بە مەبەستی کارکردن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن."
هەروەها لە فەرمانی دووەمدا کە ئاراستەی گشت وەزارەتەکان کراوە بۆ "گرنگیدان بە زمانی کوردی" هاتووە، "پشتبەست بە یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە (6)ی 2014، لەپێناو پاراستنی زمانی کوردی وەکو زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان و نووسینگە و نوێنەرایەتی و کۆنسوڵگەریی وڵاتان و رێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، بەپێی حوکمەکانی یاسای ئاماژەپێدراوی سەرەوە."
هەروەها بەپێی فەرمانی دووەم، "لە هۆتێل و شوێنە گەشتیاری و رێستۆرانتەکاندا، دەبێت گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و رێبەر و رێنوێنییەکان، بە زمانی کوردیش هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ