رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەرهەمهێنانی کارەبا لە 1000 مێگاواتەوە بۆ 1500 مێگاوات بەرزکراوەتەوە، بەو هۆیەوە پێدانی کارەبای نیشتمانی بە ماڵان بۆ شەش کاژێر لە شەو و رۆژێکدا زیادیکردووە.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا توانراوە بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 500 مێگاوات زیاد بکرێت و لە 1000 مێگاواتەوە بگەیێندرێتە 1500 مێگاوات.
گوتەبێژی وەزارەتی گوتی: "ئەم بڕە کارەبایە بە هاوبەشانی ماڵان دەدرێت و بەهۆیەوە پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان لە چوار کاژێرەوە بۆ شەش کاژێر بەرزکراوەتەوە."
سەبارەت بە دۆخی کێڵگەی کۆرمۆر دوای ئەو هێرشەی کرایە سەری، ئومێد ئەحمەد باسی لەوە کرد:"بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکەوە گواستنەوەی گازی سروشتی لە کێڵگەکەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیراوە".
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێ، کە لە ئێستادا لیژنەکان خەریکی هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکانن، دواتریش لەسەر بنەمای ئەو هەڵسەنگاندنانە، بڕیار لەسەر کات و چۆنییەتیی دەستبەکاربوونەوەی کێڵگەکە دەدرێت.
دابەزینی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە شەوی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەم، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، بەهۆیەوە ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیرا و بەو هۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی کەمبووەوە.



