رووداو- هەولێر
بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند لەماوەی ساڵێكدا 5 ملیۆن دۆلاریان وەك رسوماتی چوونە حەج و عومرە لە هاونیشتمانیان وەرگرتووە و كردوویانەتە داهات بۆ حكومەت.
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی ساڵی 2016، تەنیا داهاتی رسوماتی حەج و عومرەمان زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلار بووە، تەنیا لەپڕكردنەوەی فۆڕمی حەج، كە بۆ هەر كەسێك 50 هەزار دینار وەرگیراوە، نزیكەی4 ملیۆن دۆلار داهاتمان هەبووە، بۆ پارەی رسوماتی چوونە عەمرەش نزیكەی 1ملیۆن دۆلار داهاتمان هەبووە، بەو جۆرە لە ماوەی ساڵی 2016دا، زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلار تەنیا لەو دوو بوارەدا داهاتمان هەبووە و دراوەتە حكومەت".
نەقشبەندی ئەوەش دەخاتەڕوو، : "لەبەرامبەر ئەو رسوماتەی كە لەو خەڵکانە وەردەگیرێت بۆ گەشتە ئایینیەكانیان، هیچ بڕە پارەیەك وەك رسوماتی گەشتكردن لەو خەڵكانە وەرناگیرێ، كە بەمەبەستی جۆراوجۆر گەشت بۆ وڵاتانی دیكەی دنیا دەكەن، ئەگەر حكومەت مەبەستیەتی داهات زیاد بكات، پێویستە وەرگرتنی رسوماتی گەشتكردن تەنیا ئەو كەسانە نەگرێتەوە كە دەچنە حەج و عومرە، ئەو بوارانەی دیكەش بگرێتەوە، چیدیكەش رەخنە لەو كەسانە نەگیرێ كە بە گەشتە ئایینەكانیان، داهاتێكی باش بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیدا دەكەن".
لەهەرێمی كوردستاندا هەر كەسێك گەشتی عومرە بكات 100دۆلاری وەك رسومات لێوەردەگرێ، هاوكات ئەمساڵ بۆ یەكەمین جار فۆرمی پڕكردنەوەی حەج بە پارە دابەش كراو بۆ هەر كەسێك بڕی 50 هەزار دینار وەرگیرا، نزیكەی 85 هەزار كەسیش فۆرمی چونە حەجیان پڕكردەوە.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان



