رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی بەڕێوەچوونی پێشبڕکێیەکی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، شوێنی دانیشتنی هاندەران داڕووخا و بەهۆیەوە 15 کەس بریندار بوون.
پێشبڕکێکە ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەچوو و، لەلایەن یەکێتیی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلی هەولێرەوە رێکخرابوو.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رووداوەکەدا 15 کەس بریندار بوون کە زۆرینەیان شکان بوون، تیمی فریاگوزاریمان لە شوێنی رووداوەکە بوون و چارەسەری سەرەتاییان بۆ تەواوی بریندارەکان کرد".
گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبڕکێکە لە دوو سایدی لاوان بووە، فەرمی بووە و مۆڵەتیان هەبووە. گوتیشی: "بەهۆی شکانی شوێنی هاندەران رووداوەکە روویداوە، تیمەکانمان چونکە لەوێ بوون، توانیان ژیانی چەندین کەس لە مردن رزگار بکەن".
ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا بریندار بوون، دوای چارەسەری سەرەتایی رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
شایەتحاڵێک کە خۆی لە رووداوەکەدا ئازار بە قاچی گەیشتووە بە رووداوی گوت، خەڵکێکی زۆر چوونە سەر ئەو شوێنەی بۆ هاندەران دانرابوو، شوێنەکەش هەڵی نەگرت و بەلادا رووخا، بەڵام کێشەی ئەوە بوو کە لەو لایەوە پایەی بۆ دروست نەکرابوو، بۆیە بەوشێوەیە داڕووخا.
شاخەوان سەعید ئەوەشی گوت، هیچ ئۆتۆمبێلێک تووشی رووداو نەبووە و تێکشکانی شوێنی هاندەرانیش بەهۆی پێداکێشانی ئۆتۆمبێلەوە نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ