رووداو دیجیتاڵ
سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دەستیپێکرد و سبەی بەردەوام دەبێت. بەرپرسانی سەرژمێرییەکە دەڵێن، ئەوانەی خەڵکی ناوچە کێشەلەسەرەکانن دەبێت یەکێکیان بمێنێتەوە، بەپێچەوانەوە "وەکو ئەوە وایە دوو رۆژی سەرژمێریی گشتیی هیچیان نەکردبێت."
سبەی، سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت. ژمارەیەک هاونیشتمانیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ خۆتۆمارکردن گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەتایبەت لە کەرکووک، شنگال، مەخموور، خانەقین و خوورماتوو.
بەرپرسێک لە لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێریی لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەوانەی چوونەتەوە ناوچە کێشەلەسەرەکان، باشتر وایە تاوەکو کۆتاییهاتنی پرۆسەکە، کەسێکیان لەو شارانە بمێنێتەوە و وەڵامی تەواوی پرسیارەکان بداتەوە."
ئەمڕۆ و سبەی کە سەرژمێریی گشتیی بەڕێوەدەچێت، خێزان و تاکەکان تۆمار دەکرێن. بە گوتە بەرپرسەکە لە 22ـی ئەم مانگەوە وەڵامی پرسیارەکانی فۆڕمی سەرژمێری دەستپێدەکات، کە زیاتر لە 75 پرسیارە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، پشووی سەرژمێری بۆ 12ـی مانگی داهاتوو درێژکردەوە بۆ ئەو فەرمانبەر، ئەفسەر و کارمەندانەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. بەرپرسەکەی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری گوتیشی "ئەو درێژکردنەوەیە بۆ ئەوەیە؛ خەڵک لەو ناوچانە نەگەڕێنەوە."
هەر ئەمڕۆ گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دەبێت یەکێک لە ئەندامانی ئەو خێزانانەی لە ناوچە کێشەلەسەرەکانن بمێننەوە، چونکە تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەی کارتی نیشتمانییان لە فۆڕمەکەدا نەنووسراوە."
بەگوتەی گوهدار محەممەد "تۆمارکردنی ژمارەی کارتی نیشتمانیی لە فۆڕمە گەورەکەدا دەبێت و لە 22ـی مانگەوە دەستپێدەکات؛ هەر کوردێک لەو فۆڕمەدا خۆی تۆمار نەکردبێت وەکو ئەوە وایە هیچی نەکردبێت و بە کوردی ئەو شارە تۆمار ناکرێت."
سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێری گوتیشی "ئەوەی لە فۆڕمی گەورەدا کە پرسیارە گشتییەکان پڕنەکاتەوە و ژمارە و تۆمار (سجل و سەحیفە)ـی کارتی نیشتمانی تۆمار نەکات، ناتوانێت دواڕۆژ بیسەلمێنێت دانیشتووی ئەو شارەیە کە تێیدا تۆمار کراوە."
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، نزیکەی 500 هەزار هاونیشتمانیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دا دەژین و بۆ سەرژمێری، زۆرینەیان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ