رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا بڵاویکردەوە، بەرپرسی کۆکردنەوەی باج و دۆزینەوەی ئەندام بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، لە ئۆپەراسیۆنێکی تیمەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیادا - MIT کراوەتە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئۆپەراسیۆنەکە ئەمڕۆ دووشەممە 20-11-2023 لە شاری سلێمانی لەلایەن میتەوە کراوە. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا گولسومە دۆغان کە (ژیان ماردینی) ناسناوەکەیەتی و بەرپرسی کۆکردنەوەی باج و دۆزینەوەی ئەندام بووە بۆ رێکخراوەکە، گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاندووە، هەوڵەکانی میت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و چالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن. هەروەها دەڵێن، دۆغان هەوڵی دۆزینەوەی ئەندامی داوە و کاری کردووە لەسەر پەلکێشکردنی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بۆ شاخ.
میدیای نزیک لە پەکەکە هیچ روونکردنەوەیەکی لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە، 20-11-2023، هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ناسنامەی گەریلایەکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، رۆژى 4ى تشرینى دووەمى ئەمساڵ بەهۆى رووداوێکەوە لە ناوچەی مەتین گیانی لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ