رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی کۆیە رایدەگەیەنێت، لە دەنگدانی گشتیدا تاوەکو نیوەڕۆ رێژەی بەشداری 25.16٪ـی تێپەڕاندووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "یەکێک لە کێشە گەورەکانمان نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەرانە".
رۆژی یەکشەممە 2024/10/20 تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "لە کاژێرەکانی سەرەتای ئەمڕۆدا لە هەندێک لە شوێنەکان کێشەی تەکنیکی هەبوو، بەڵام تیمی تەکنیکی زۆر بە خێرایی کێشەکانیان چارەسەرکرد".
قایمقامی کۆیە رایگەیاند، هیچ سکاڵایەک تۆمارنەکراوە، بەڵام کێشەیەکی گەورەی پەنجەمۆریان هەبووە و گوتی، "گرفتێکی گەورەمان نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرە".
لە سنووری قەزای کۆیە 31 بنکەی دەنگدان هەن کە بەسەر 157 وێستگە دابەشکراون و 81 هەزار و 892 کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە.
تاریق حەیدەری دەڵێت، "ئەوانەی کە بایۆمەترییان بۆ کراوە و کارەکانیان تەواوبوون 64 هەزار و 104 کەسن کە تاوەکو ئێستا 14 هەزار و 837 کەسیان دەنگیان داوە و بە رێژەش 25.16٪ـی تێپەڕاندووە".
لەبارەی رێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەراورد بە خولی پێنجەم، قایمقامی کۆیە گوتی، "وا هەست دەکەین رێژەی بەشداریی خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا بەراورد بەوەی رابردوو زیاتر بێت. وەک ئیدارەی قەزای کۆیەش هەموو ئاسانکارییەک کراوە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بێن و دەنگ بدەن".
قایمقامی کۆیە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە خەڵكی کۆیە کرد دەنگبدەن و گوتی، "داوامان لە خەڵک ئەوەیە بەشداری ئەم پرۆسەیە بن، چونکە گرنگە؛ مافی خۆیانە دەنگی خۆیان بدەن."
1266 بنکە بۆ دەنگدانی گشتی دەنگیان تێدا دەدرێت. لە هەولێر 498 بنکە، لە سلێمانی 477 بنکە، لە دهۆک 264 بنکە و لە هەڵەبجەش 27 بنکە بۆ ئەم هەڵبژاردنە کراوە دەبن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ملیۆنێک و 15 هەزار و 888 کەس کارتی بایۆمەتریان کردووە و مافی دەنگدانیان هەیە، بە لێدەرکردنی ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت، کۆی ئەوانەی دەمێننەوە و مافی بەشداریان لەم دەنگدانەدا هەیە، دەکاتە 925 هەزار دەنگدەر و 797 دەنگدەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ