فەوزی هەریری: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا دەکرێت

20-09-2023
پەیمان محەممەد
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن هەڵبژاردن فەوزی هەریری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا دەکرێت. گوتیشی، کێشەی بودجە لەنێوان بەغدا و هەولێر بەردەوام دەبێت، بەڵام گەشبینن بتوانن بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 20-09-2023 فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی کتێبخانەی ڤیژن لە هەولێر، بە پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت ''پێداگرین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت و ئەگەر پێویست بێت، کۆبوونەوە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دەکرێت.''
 
فەوزی هەریری ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەستنیشان دەکرێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەنیا کاری لەسەر دەکات، دەشڵێت ''لەکاتێکدا کۆمیسیۆن ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات، ئێمەش ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان وەکو هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەین.''
 
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، 18ـی تشرینى دووەمى 2023ـی دیاریکردبوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەرلەوەى لە 30ـی ئایار دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق درێژکردنەوەى تەمەنى خولی پێنجەمی پەرلەمانى کوردستان بە "نادەستوورى" لەقەڵەم بدات.
 
لە 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ـی درێژکردنەوەى خولى پێنجەمیی خۆی پەسندکرد لەدواى ئەوەى تەمەنەکەى کۆتایی هات. لە 22ـی ئایارى 2023 پەرلەمان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، ئەو کاراکردنەوەیەش "نایاسایی"ـیە و بڕیارە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، رۆژی 25-02-2024 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ناکۆکیی لایەنە سیاییەکان لەسەر میکانیزمی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بوو، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت ''هەموو لایەنەکان بەو لێکتێگەیشتنە گەیشتوون کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەڵبژاردنە، پێویستە ئێمە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی باڵای هەرێمی کوردستان بپارێزین و پێویستیمان بە کاراکردنەوەی پەرلەمانە کە ئەرکی زۆر گرنگی لە بەردەوامبوونی ئەو قەوارەیەدا هەیە.''
 
فەوزی هەریری گوتیشی ''سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەردەوام ماڵی کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان بووە، بۆیە ئێمە هەر کاتێک ئامادەین پێشوازی لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بکەین و ئەگەر بە گرنگمان زانی و جەنابی سەرۆک ئەمری کرد، بە زووترین کات ئێمە کۆبوونەوە دەکەین.''
 
''پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ئارامتر دەبێت''
 
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت گەشبینە بە ئارامبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و گوتی، سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا و پەیوندیی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ئارامتر دەکات، گوتیشی ''کێشەی بودجە هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام گەشبینین کە بتوانین بە گفتوگۆ چارەسەری بکەین.''
 
سەرەڕای پەسندکردنی یاسای بودجەى گشتیى عێراق لە رۆژی 12ـی حوزەیرانى 2023 لە پەرلەمان، تاوەکو ئێستا بەپێی یاساکە پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە نەکراوە و مووچەی مانگەکانی تەمموز و ئابی فەرمانبەرانی دواکەوتووە، بەڵام دوای سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا، لە کۆبوونەوەى 17ـی ئەیلوولی 2023ـی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بڕیاردرا بە ناردنى بڕى دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار وەک قەرز بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە سێ گوژمەى 700 ملیار دینارى بۆ مانگەکانى ئەیلوول، تشرینى یەکەم و تشرینی دووەم. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

حکومەتی عێراق بە مەرج مووچەى هێزە ئەمنییەکانى ناردووە

بەگوێرەى بڕیارى ناردنى مووچەى دوو مانگى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان، هەر تێبینییەک لەلایەن دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە لەسەر لیستەکە هەبێت، دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەرى بکات. پەرلەمانتارێکى عێراق دەڵێت، "ئەگەر ئەو تێبینییانە چارەسەر نەکرێن، بۆ مانگى داهاتوو کێشە دروست دەبێتەوە."