رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان، پاسێکی نەفەرهەڵگر و تراکتۆرێک خۆیان بەیەکدا کێشا و لە ئاکامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 18 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 19-9-2023 لە نزیک ناوچەی پیشەسازیی خوراسانی پارێزگای ئەرزەڕۆم روویدا. پاسەکە سەر بە هێڵی گواستنەوەی نێوان پارێزگای ئیدر و ئیستەنبووڵ بوو. دوای ئەوەی بە تووندی پاسەکە و تراکتۆرەکە خۆیان بەیەکدا کێشاوە، هاونیشتمانییان راستەوخۆ هەواڵیان بە تیمی تەندروستی و پۆلیس دا. دوای گەیشتنی تیمەکان، دەرکەوت کە دوو لە سەرنشینان گیانیان لەدەستداوە و 18شیان بریندارن. بریندارەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەرزەڕۆم و بەگوێرەی گوتەی پزیشکان، یەکێک لەو بریندارانە تەندروستی ناجێگیرە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە. هەزار و 919 لەو رووداوانە گیانلەدەستدانی تێدا هەبووە. هەروەها لە 195 هەزار و 11 رووداودا بریندار بوون تۆمارکراوە. لەو رووداوە هاتووچۆیانەی ساڵی 2022 بە گشتی 2 هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ