رووداو دیجیتاڵ
ئەمساڵ تەنیا لە سێ شاری هەرێمی کوردستان، 2155 جار ئاگر کەوتووەتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، بەهۆی ئاگرەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و 57 کەسیش برینداربوون.
رۆژی یەکشەممە 20ی ئابی 2023 موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمساڵ تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە 1158 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر تۆمارکراون.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی رووداوەکانەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و 57 کەسیش برینداربوون، هەروەها تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە 48 کەس لەنێو رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەدا رزگار بکەن.
بێوار عەبدولعەزیر، گوتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تەنیا لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووزدا لە سنوورەکەیان 712 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمار کراون.
لەبارەی زیانەکانەوە بێوار عەبدولعەزیز گوتی، لە رووداوەکاندا کەسێک بەهۆی سووتانەوە بریندار بووە، هەروەها زیانی مادی رووداوەکان بە 247 ملیۆن و 500 هەزار دینار خەمڵێندراوە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، رائید زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو 15ـی ئابی 2023، لە سنوورەکەیان 285 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ