کۆمیسیۆن: 139 لیست و بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن

20-07-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 139 قەوارە و بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا دەکەن کە لە نێویاندا 39 بەربژێری تاکی پێکهاتەکان هەن.
 
شەممە، 20-07-2024، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، دوای داخستنی دەرگەی پێشکێشکردنی لیست و بەربژێرەکان، دەرکەوت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دوو هاپەیمانی و 13 حیزب بەشداری دەکەن.
 
هەر بە گوێرەی ئەو ئامارە، 19 کەس لە پێکهاتەی کریستیان خۆیان بەربژێر کردووە، لە هەولێر 7 کەس، لە سلێمانی 4 و لە دهۆک 8 کەس. 
 
هەروەها 20 کەسیش لە پێکهاتەی تورکمان خۆیان بەربژێرکردووە کە بەمشێوە دابەشبوون؛ هەولێر 14 کەس و سلێمانی 6 کەس. 
 
هەر بەپێی ئاماری کۆمیسیۆن، 85 کەسیش وەکو سەربەخۆ خۆیان بەربژێر کردووە کە کۆی گشتییان دەکاتە 139 لیست و بەربژێر.
 
پێنجشەممەی رابردوو دوایین رۆژ بوو بۆ تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
 مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەوەی لەپێشمانە؛ وردبینی ناوی بەربژێرەکانە، دواتر ناردنی ناوەکان بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی بۆ پەسندکردن."
 
ئەوانەی بڕوانامەیان هەیە، کۆمیسیۆن بۆ پشتڕاستکردنەوەی بڕوانامەکان هاوئاهەنگی لەگەڵ زانکۆکانیان دەکات. مەروان محەممەد دەڵێت، "هەموو ئەو رێکارانە تەواوبوون و ناوی بەربژێرەکان پەسندکرا، ئیدی تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و بەربژێرەکان دەکرێت." 
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان 190 بەربژێری هەیە؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 172 بەربژێر، بەرەی گەل 121 بەربژێر، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێر، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 71 بەربژێر و رەوتی هەڵوێست 74 بەربژێریان دەبێت.
 
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ سلێمانی 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە 3 کورسی دیاریکراون. لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانی 2 کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراون؛ لە دهۆک کورسییەک بۆ کۆتای ئەرمەن تەرخان کراوە.
 
26ـی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".