محەممەد حاجی: نابێ چارەنووسی ناوچە دابڕاوەکان بخرێتە دەست قەدەر

20-06-2014
ساکار عەبدوڵڵازادە
نیشانەکردن پێشمەرگە
A+ A-

رووداو- هەولێر

رێكخەری ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی بزووتنەوەى گۆڕان مانەوەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە دابڕاوەکان بە پێویست دەزانێت و دەڵێ "نابێ چارەنووسی ئەو ناوچانە بخرێتە دەست قەدەرێکی نادیار".

محەممەد حاجی، رێكخەری ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی بزووتنەوەى گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو ناوچانە لەڕووی مێژووییەوە خاکی کوردستانن و دەبێ پێشمەرگە پارێزگاری لە خاک و دانیشتوانی ئەو ناوچانە بکات، بەهەموو پێکهاتەکانییەوە".

محەممەد حاجی دەربارەی ئەگەری ئەنجامدانی راپرسی یەکلایەنە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ناوچە دابڕاوەکان گوتی "ئەو ناوچانە لە 2003ەوە لە بارودۆخێکی خراپ و ناهەمواردان و ماددەی 140 جێبەجێ نەکراوە. نابێ جارێکی دیکە هێزی پێشمەرگە بکشێندرێتەوە و خەڵک نائومێد بکرێت. ئەوەی لای ئێمە و خەڵکی کوردستان روونە ئەوەیە کە ناکرێت چارەنووسی ئەو ناوچانە بخرێتە دەست قەدەرێکی نادیار و، لەرووی جەماوەری ئەوە جارێکی دیکە لە سەرکردایەتی کورد قبوڵ ناکرێت".

رێكخەری ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی بزووتنەوەى گۆڕان بەڕێوەبردنی ناوچە دابڕاوەکان بە "ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆیی" حکومەتی هەرێمی کوردستان ناو دەبات و دەڵێ "عێراق لە قەیرانێکی گەورەدایە و بەهۆی نەناردنی بوودجە و مووچە ئەو قەیرانە هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە، بەڵام بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە بووەتە ئەرکێک ینیشتمانی و مرۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێویستە حکومەت وابکات کە خەڵکی ئەو ناوچانە لەوە زیاتر تووشی کێشە نەبن".

هەر لەو بارەوە، عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "رەنگە گوشاری دارایی و ئابووری بکەوێتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و تووشی قەیرانی دارایی دیکەش بین، بەڵام خزمەتکردنی ناوچانە دابڕاوەکان گەورەترە و چی پێویست بێ و لەتواناماندابێت بۆ ئەو ناوچانە دەیکەین".

 وەزیری كشتووكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو گوتیشی "پێویستە بەهەموو لایەک بتوانین خزمەتی ئەو ناوچانە بکەین و ئەو ناوچەنە هەروا لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە بمێنێتەوە".

دوای هێرشی چەکدارانی گرووپی تووندڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) سوپای عێراق لە زۆربەی ناوچەکان بەبێ شەڕ و پێکدادان پاشەکشەیان کرد و چەکیان دانا.

لەگەڵ دروستبوونی ئەو بۆشاییە سەربازییە، هێزی پێشمەرگە بەرەو ناوچە گەرمەکان جوڵەی پێکرا و لەو شوێنانەی سوپای عێراق کشابوونەوە، جێگیر بوو و جگە لە سەعدییە، بەدرە، مەندەلی و جەسان کۆنتڕۆڵی سەرجەم ناوچە دابڕاوەکانی بەدەستەوە گرت کە بەگوێرەی دەستووری عێراقی دەبووایە تا کۆتایی ساڵی 2007 لە رێگەی راپرسی چارەنووسیان یەکلایی بکرێت.

کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە دابڕاوەکان بەتایبەتی کەرکووک لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە و جارێکی دیکە پرسی سەربەخۆیی کوردستان بووە رۆژەڤی میدیا بەناوبانگە جیهانییەکان و تەنانەت گۆڤاری "تایم" کە بە بەناوبانگترین گۆڤاری ئەمریکی دادەندرێت، لە دوایین چاپیدا‌و لە بەرگی یەكەمی نووسیویەتی "عێراق كۆتاییهات".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە