رووداو دیجیتاڵ
دوای 43 ساڵ دابڕان لە خوێندن، هێشتا هەنگاوەکانی بەرەو بەدیهێنانی خەونی منداڵیی دەنێت. حاجی عائیشەی تەمەن 69 ساڵ، یەکێکە لەو خوێندکارانەی ئەمساڵ بە نمرەی بەرز پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی تەواو کرد.
لە ساڵی 1981 حکومەتی بەعس بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پێشمەرگە، عائیشە ناچاردەکەن واز لەخوێندن بهێنێت، بەڵام دەبێتە گرێکوێرە لەناخیدا و لە ساڵی 2023 هەوڵی کردنەوەی دا.
عائیشە عەبدوڵڵا، دەرچووی پۆلی نۆی بنەڕەتی، بە رووداوی گوت "لە سەنگاو کە نەیانهێشت بخوێنم، من هەر دەگریام و رەوشم خراپ بوو، چونکە ئاشقی خوێندن بووم، گوتم خۆم دەکەمە قوربانیی برا و خێزانەکەم، با شیرازەمان تێکنەچێت و ئەوان بخوێنن، دواتر خۆم گوتم با بەدوای خەونەکەمدا بچم."
پاڵپشت و یارمەتیدەرەکانی عائیشە خان، باوک، برا و برازاکانی بوون، ئەوانەی رۆژانێک تەمەنی گەنجیی خۆی بۆ بەختکردوون، بۆ خوێندن سێ کچی براکەی هاوکاری بوون.
عائیشە باسی چۆنییەتی خوێندنی دەکات و دەڵێ "لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا زۆر دەمخوێند، جاری وا هەبوو لەتاو ئازاری چاوم دەگریام، وازم لە سەیرکردنی تەلەڤیزیۆن و مۆبایل هێنابوو."
ئەسما ئەبوبەکر برازای عائیشەیە، باس لەوە دەکات پووری لە وانەی عەرەبی نمرەی زۆر باش بوو "لەگەڵ ئەو وانانەی کە لەبەرکردن بوون، بەڵام لەوانە زانستییەکان زیاتر پێویستی بە تێگەیشتن بوو."
عائیشە لە پۆلی نۆ بە نمرەی بەرز سەرکەوت، دوای تەواوکردنی پۆلی نۆیەمیش هێشتا کاروانەکەی کۆتایینەهاتووە و خەونی گەورەتری هەیە.
عائیشە گوتی "من، ئاشقی خوێندنم، تاوەکو بتوانم بەردەوام دەبم. ئەگەر بتەوی بگەی بە شتێک، دەبێت گەشبین بیت. تێکۆشان، تێکۆشان کۆ تێکۆشانی پێویستە."
هەرچەندە نەخۆشیی شەکرە، فشاری خوێن و کەمبینین و چەند نەخۆشییەکی دیکە تەنگیان بە عائیشە هەڵچنیوە، بەڵام نەبووەتە رێگر لەبەردەمی بۆ گەیشتن بە خەونەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ