سبەی کارکردن لە رێگەی بالیسان دەستپێدەکاتەوە

20-04-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە رۆژی یەکشەممە کارکردن لە رێگەی بالیسان دەستپێبکاتەوە. حکومەت بەڵێنی داوە بودجەی بۆ تەرخان بکات و ئەگەریش کارەکان بە گوێرەی پلان بەڕێوەبچن، لە مانگێکدا قیرکردنی رێگەکە تەواو دەبێت. 
 
بەهۆی نەبوونی بودجەوە کارکردن لە پڕۆژەکە وەستابوو، بەڵام ئومێد حەمە، بەڕێوەبەری رێگەوبانی راپەڕین رۆژی شەممە 20-4-2024 لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژدا بە رووداوی گوت، "حکومەت بڕێک پارەی دیکەی تەرخانکردووە. ئەگەر وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت، لە مانگێکدا قیرکردنی رێگەکە تەواو دەبێت و ئەمساڵ گرفتی رێگەی بالیسان بە تەواوی چارەسەر دەبێت". 
 
رێگەی بالیسان، ئیدارەی راپەڕین بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پارێزگای هەولێر دەبەستێتەوە. دانیشتووانی ناوچەکە چەند ساڵێکە بەدەست خراپیی رێگەکەوە گرفتیان هەیە پار و ئەمساڵ بەو هۆیەوە رێگەکەیان داخست.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری رێگەوبانی راپەڕین، "وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەڵێنی داوە تەرخانکردنی پارە بەردەوام بێت تاوەکو چیدیکە پڕۆژەکە نەوەستێت". 
 
بەڕێوەبەری رێگەوبانی ئیدارەی راپەڕین گوتیشی، "بەشێکی رێگەکانمان لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس دروستکراون و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە". 
 
بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە گرفتی رێگەوبانەکان، ئەمساڵ چەند پڕۆژەیەک لە سنووری ئیدارەی راپەڕین جێبەجێ دەکرێن، لەوانە پڕۆژەی رێگەی قەڵادزێ- دارەشمانە کە بە گوژمەی دوو ملیار و نیو جێبەجێ دەکرێت و دراوەتە کۆمپانیای جێبەجێکار؛ هەروەها پڕۆژەی رێگەی 17 گوندی مەنگوڕایەتی بە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار دراوەتە کۆمپانیا.
 
جگە لەو پڕۆژانە، ئومێد حەمە بە رووداوی گوت، "قۆناخی دووەم و سێیەمی مۆنیومێنتی راپەڕین بەمنزیکانە بە گوژمەی شەش ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت کە کۆمەڵێک بەشی گرنگ لەخۆدەگرێت و لەئاست خواستی کەسوکاری شەهیدان دەبێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".