دەستەی گەشتوگوزار: لە 3 مانگی 2023ـدا دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە

20-04-2023
ئەکرەم فەرەج
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکاری بۆ هاتنی گەشتیاران بۆ پشووەکانی رۆژانی جەژنی رەمەزان کراوە و ئاشکراشیکرد، "لە 3 مانگی یەکەمی 2023ـدا زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار لە عێراق و دەرەوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە."
 
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ هاتنی گەشتیار لە رۆژانی جەژنی رەمەزان لە بوولتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گەشتییەکانی گەشتوگوزار لە شارەکان، پاکێجێکی گەشتیاری بۆ پێشوازی لە گەشتیاران دانراوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی رێکخراو و باشتر پێشوازی لە گەشتیاران بکرێت." 
 
لەبارەی ئامارەکانی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار گوتی، "ساڵی رابردوو، 25٪ـی گەشتیارەکانی هەرێمی کوردستان بیانی بوون و لە دەرەوەی عێراقەوە هاتبوون، چاوەڕێ دەکەین ئەمساڵ رێژەی هاتنی گەشتیارانی بیانی زیاتر بێت."
 
بە گوتەی ئەمەل جەلال، "لە 3 مانگی یەکەمی 2023ـدا زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیاری نێوخۆیی و دەرەوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە."
 
ئەمەل جەلال گوتیشی، "خواست لەسەر هاتنی گەشتیاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و بەشێک لە گەشتیارانی وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی ئاسیای وەکو چین و تایوان بەهۆی سرووشتی جوانی کوردستانەوە ئارەزوو دەکەن سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن."
 
سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لەبارەی ئاشناکردنی گەشتیاران بە مێژووی کورد دەڵێی، " پێویستە گەشتیاران لەگەڵ مێژووی کورد ئاشنا بکرێن و ببرێنە مۆنۆمێنتی ئەنفال و ئەمنە سوورەکە."
 
ئەمەل جەلال لەبارەی دامەزراندنی رێبەری گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان گوتی، "زیاتر لە 3500 گەنج فۆڕمیان بۆ رێبەری گەشتیاری پڕکردووەتەوە، دوای جەژن پێداچوونەوە بە فۆڕمەکاندا دەکەین و بەشێکیان دەستبەکار دەبن."
 
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار، 1075 شوێنی مانەوەی گەشتیاران هەن كە بریتین لە 625 هۆتێل، 370 مۆتێل، 80 گوندی گەشتیاری، ئەمە جگە لە نزیكەی 800 رێستۆرانت و كافتریای گەشتیاری و سەتان كەپری گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەكان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە