رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی دەکات و لە پەیامێکدا دەڵێت: "نەورۆز بۆ گەلی کوردستان بەهار و نوێبوونەوە و رۆشنایی و ئازادییە."
رۆژی 20ـی ئادار، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی خانەوادەی "سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان" کرد.
سەرۆک بارزانی هەروەها پیرۆزبایی لە ئەو هاونیشتمانییانە دەکات کە "پارچەکانی دیکەی کوردستانن" و هەموو ئەو نەتەوانەش کە نەورۆز بەشێکە لە مێژوو و کولتووریان.
سەرۆک بارزانی "بە گەرمی" پیرۆزبایی لە رەوەندی کوردی لە دیاسپۆرا و ئەو ملیۆنان کوردە دەکات کە "بە هەستێکی بەرزەوە دوور لە خاکی نیشتمانتان جەژنی نەورۆز بە بەرزی رادەگرن و بەهاکانی نەورۆز بە هەموو جیهاندا بڵاو دەکەنەوە."
"ئێوە [کوردانی دیاسپۆرا] هەمیشە لە هزر و ویژدانی ئێمەدان و خۆشی و جەژنەكانتان درێژكراوەی خۆشی و جەژنەكانی ئێمەیە." سەرۆک بارزانی وا دەڵێت.
هەروەها راشیگەیاند: "جێگەی شانازییە كە دەبینین دەستلەناودەست و بە یەكدڵی لە نەورۆز دا ئاڵای ئازادی و شكۆ بەرز دەكەنەوە."
سەرۆک بارزانی خۆشحاڵە کە لە شاری کۆڵن ـی ئەڵمانیا "رێوڕەسمێکی گەورە" بۆ جەژنی نەورۆز ساز دەکرێت و بە کوردانی ئەورووپا و دیاسپۆرا دەڵێت: "ئێوە دەنگ و رەنگی گەلەكەتانن و دەستخۆشیتان لێ دەكەم."
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، سەرۆک بارزانی و لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا "بە شانازییەوە" جەخت لە فەرهەنگی پێكەوەژیان و "پەیامی ئاشتیخوازانە"ـی گەلی كوردستان دەكاتەوە. دەڵێت: "هەر لەو سۆنگەیشەوە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری لە توركیاین و ئاشتی بە تاكە رێگەی راست و دروستی تێپەڕاندنی كێشەكان دەزانین."
سەرۆک بارزانی هیوادارە لە یادی جەژنی نەورۆز دا کۆتایی بە "ئێش ئازارەکان"ـی گەلی کورد لە سووریا بێت و کورد بە هەڵوێستێکی هاوبەش و بە رێکاری ئاشتیانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سووریا بگەنە ئەنجامێک لە خزمەتی هەموو لایەک بێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە پیرۆزبایی نەورۆز دەکات و و دەڵێت: "هیوادارم نەورۆزی ئەم ساڵ ببێتە دەستپێكێك بۆ ئاسوودەیی و خۆشی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و عێراق و ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەكانیان لە كامەرانی و بەختەوەری بەڕێ بكەن. ئومێدی ئەوە دەخوازم گەلانی ناوچەكە بتوانن لەژێر سایەی ئارامی و سەقامگیریدا لە كەشێكی ئاشتیانە و برایەتیدا بژیین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ