رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی رووداوی "کۆمەڵکوژییەکەی" گوندی گرێزەی سەیدسادق، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت: "بکوژەکە لەنێو ئەندامانی خێزانەکەدایە، کێشەیەکی بچووکی لەگەڵ باوکی هەبووە و دواتر ئەم رووداوە روویداوە."
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تەلەفۆن بەشداریکرد لە بووڵتەنی رۆژی هیوا جەمال ـی تۆڕی میدیایی رووداو و رایگەیاند: "بکوژەکە باری دەروونی تەواو نەبووە، لە رووداوەکە دەگوترا کە دەستی کەسانی دیکەی دەرەوەی خێزانەکە هەبێت، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکان تەنیا پەیوەندیدار بووە بە خێزانەکەوە."
سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، کە "کامێراکانی چاودێریی ناوچەکە هەموو شتێکی تێدا تۆمار کراوە و تیمەکانی لێکۆڵینەوە دەستیان بەسەردا گرتووە."
درەنگانی شەوی رابردوو لەنێوان کاژێر 11:30 بۆ 12:00ـی شەو، شەش ئەندامی خێزانێک لە گوندی گرێزەی سەیدسادق بە گولـلە کوژران. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە رووداو پشتڕاستی کردەوە کە ئەندامێکی خێزانەکە و ئەنجامدەری تاوانەکەیە.
لەبارەی تێوەگلانی کەسانی دیکە لە رووداوەکە، سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەکرد کە "هیچ کەسێک تاوەکو ئێستا بەهۆی رووداوەکە دەستگیرنەکراوە، لێکۆڵینەوە بەردەوامە و هەر کەس پەیوەندیدار بێت بەم بابەتە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت."
هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک نییە کە بکوژەکە نەخۆشیی دەروونی هەبووبێت و گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "پێویستە بەڵگەنامەی پزیشکی هەبن تاوەکو وەکو نەخۆشی دەروونی ئەو کەسە بناسێنرێت، بەڵام نەوەک بەڵگە بەڵکو هیچ شاهێدێکیش نییە کە ئەم کەسانە سەردانی پزیشکی دەروونی کردبێت."
"ئەو چەکەی تاوانەکەی پێکراوە، لە جۆری کڵاشینکۆڤ بووە، پۆلیس دەستی بەسەرداگرتووە، لەسەر شێوازی تەقەکردنەوە تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی کراون تاوەکو بزانرێت، کەسەکە چۆن تەقەی کردووە، دواتر چۆن خۆی کوشتووە." سەرکەوت ئەحمەد وای گوت.
بەشیر سالار ئەندامی ئەو خێزانەیە و چەند رۆژێکە لە ئەورووپا گەڕاوەتەوە، بە گوتەی پۆلیسی سلێمانی "ئەو کەسەیە کە تاوانەکەی ئەنجام داوە."
سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت: "حاڵەتەکانی کۆمەڵکوژی لەم ساڵ دا یەکەمجارە لە سنووری پارێزگاکەمان تۆمار دەکرێت، بەڵام رووداوەکانی دیکەی کوشتن تۆمار کراون."
لە کاتی ناشتنی تەرمەکاندا، پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو چووە گۆڕستانی گوندی گرێزە و باسی لەوە کرد: "کەسوکاری ئەو خێزانە پێیان گوتم کە بەشیر سالار بکوژی ئەو شەش کەسەیە و چەند رۆژێکە لە ئەورووپا بۆ سەردان گەڕاوەتەوە."
پێشەوا بەختیار ئاماژەی بەوەشکرد." دەمەقاڵێیەکی بچووک لەنێو خێزانەکەیان دا دروست بووە، بەشیر بە چەکی کڵاشینکۆڤ بە خۆیەوە شەش ئەندامی خێزانەکەی کوشتووە."
ئەو خێزانە 9 ئەندام بوون، پەیامنێری رووداو دەڵێت: "سێ کەس ماونەتەوە کە دوو برا و خوشکێکن."
ئەو شایەتحاڵانەی کە سەرەتا چوونەتە شوێنی رووداوەکە قسەیان بۆ پێشەوا بەختیار کردووە و گوتوویانە: "هەر شەش کەسەکە لە ژوورێکدا بوون، بەگوێرەی تەرمەکان دەردەکەوت کە منداڵەکان لە دەورووبەری دایکیان خۆیان شاردووەتەوە بۆ ئەوەی نەیانکوژێت."
"سەرۆکی خێزانەکە (باوکیان) سێ رۆژە نەشتەرگەریی دڵی بۆ کرابوو لە نەخۆشخانە هێنرابووە دەرەوە و لە کاتی رووداوەکە هەر لەسەر جێگەکەی خۆی کوشتوویەتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ