لە کرماشان بەهۆی لافاوەوە هاونیشتیمانییەک گیانی لەدەستدا

20-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای کرماشان بەهۆی بەرزبوونەی ئاوی رووباری گاماسیئاو و لافاوەوە، هاونیشتیمانییەک گیانی لەدەستدا، لە قەزای گیەڵانیش 13 سەر مەڕی هاونیشتیمانییەک مرداربوون.
 
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی سێشەممە 19ـی ئاداری 2024، لە ناحیەی دینەوەری سەر بە شاری سەحنەی کرماشان، لە کاتێکدا کە ئاستی ئاوی رووباری گاماسیئاو کە رووباری دینەوەریشی پێ دەگوترێت، بەهۆی لێزمەبارانەوە بەرز ببووەوە، هاونیشتیمانیەک ویستوویەتی بە تراکتۆر لە رووبارەکە بپەڕێتەوە، بەڵام تراکتۆرەکەی وەڕدەگەڕێت و هاونیشتیمانییەکە دەکەوێتە نێو رووبارەکە و ئاو دەیبات.
 
هاونیشتیمانییەکە ناوی حوسێن محەممەدی و تەمەن 70 ساڵە، خەڵکی گوندی یێنگیجەی سەر بە ناحیەی دینەوەری شاری سەحنەیە.
 
سەید ئەمیرحوسێن هاشمیان، بەڕێوەبەری ناحیەی دینەوەر پشتڕاستی کردەوە؛ هاونیشتیمانییەک بەهۆی وەرگەڕانی تراکتۆرەکەی لەنێو رووبارێکی ناوچەکە خنکاوە و رایگەیاند، "دوای سێ کاژێر لە هەوڵدانی تیمەکانی فریاکەوتن و تیمەکانی مانگی سووری شارەکانی سەحنە، سونقور و کرماشان و بە هاوکاریی دانیشتووانی ناوچەکە، تەرمی ئەو هاونیشتیمانییە دۆزرایەوە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا."
 
هەروەها لە سنووری قەزای گیەڵانیش لێزمەباران بووە هۆی هەرەسهێنانی زەوی و بەربوونەوەی گاشەبەرد و بەهۆیەوە 13 سەر مەڕی کۆچەرییەک مرداربوون.
 
لە پارێزگای لوڕستانیش بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری کەشکان و دروستبوونی لافاو، رێگەی شەش گوندی سەر بە شاری مەعموولان داخران. هەروەها بەهۆی مەترسیی هەرەسهێنانی زەوییەوە گوندێکی سەر بە شاری کۆیەشتی ئەو پارێزگایە چۆڵکرا و 100 کەس لە دانیشتووانی گوندەکە بۆ شوێنێکی پارێزراو گوازرانەوە.
 
لە پارێزگای ئیلامیش، بەهۆی بارانەوە، ئاستی ئاو لە زۆربەی رووبارەکاندا بەرزبووەوە و لە هەندێک ناوچە لافاو دروستبوو.
 
حەمزە محەممەدی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ئیلام، ئەمڕۆ 20ـی ئاداری 2024، رایگەیاند لەو پارێزگایە لافاو چووتە نێو 40 ماڵ.
 
لە شارەکانی ئیلام و ئەیوانیش، بەهۆی باران، ئاو لەسەر شەقام و کۆلانەکانی ئەم شارانە پەنگی خواردووە و ئاستەنگی هاتووچۆی دروست کردووە.
 
ئەفشین موزەفەری، سەرۆکی شارەوانیی ئیلام هۆشداری دەداتە دانیشتووانی شارەکە لەوەی لە شەقامەکانی ناوەندی شار، ئاوێکی یەکجار زۆر پەنگی خواردووە و داوایان لێدەکات تاوەکو ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، لەو شەقامانەدا هاتووچۆ نەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە