رووداو دیجیتاڵ
پاش سێ هەفتە لە بێدەنگی، جارێکی دیکە هەواڵی پەڕینەوەی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز بیسترایەوە. لە سەرەتای ساڵەوە هیچ کۆچبەرێک نەیتوانیبوو لە نۆکەندی ئینگلیز بپەڕێتەوە، پاش سێ هەفتە، بێدەنگییەکە شکا و 106 کۆچبەر لە فەرەنساوە خۆیان گەیاندە بەریتانیا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە سێ مانگی رابردوودا لە یەکێتیی ئەوروپاش ریکۆردی داواکردنی مافی پەنابەری شکێندراوە.
سێ هەفتە بوو هیچ کۆچبەرێک نەیتوانیبوو لە نۆکەندی ئینگلیز بپەڕێتەوە. پرسیار دەکرا: تۆ بڵێی بەریتانیا و فەرەنسا رێگە سیحرییەکەیان دۆزیبێتەوە و بۆ هەمیشە ئەو رێگەیەیان بۆ کۆچی نایاسایی و بە بەلەم داخستبێت؟ هەندێکی دیکە گریمانەیان دەکرد کە رەنگە پێداگیریی حکومەتی ئێستای بەریتانیا بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا هۆکاری ئەوە بێت کە چیدیکە کۆچبەران نەیانەوێت بپەڕنەوە بەریتانیا. هەشبوون دەیانگوت کەشوهەوا هێندە ناجێگیر و نالەبارە کە هیچ کۆچبەرێک ناوێرێ خۆی بداتە دەست دەریا.
ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە فەرەنساوە ئەم هەفتەیە گەیشتوونەتە بەریتانیا 106 کۆچبەرن. بەلەمێکی دیکە کێشەی بۆ دروستببوو و ناچار پەنایان بۆ پۆلیسی سنوورپارێزیی فەرەنسا هێنابوو. ژمارەی ئەو کۆچبەرانە 45 کۆچبەر بوو و لەلایەن پۆلیسەوە گەڕێندراونەتەوە ناوچەی کالێ لە فەرەنسا.
سێ هەفتەی رابردوو، سێ هەفتەی ئاسوودە بوون بۆ حکومەتی بەریتانیا کە رەخنەی زۆری لەسەرە، بەوەی کە ناتوانێت رێگە لە هاتنی کۆچبەری نایاسایی بگرێت. لەم هەفتەیەوە میدیاکانی بەریتانیا دەستیان بە رەخنەگرتن کردووەتەوە لە حکومەت، هەرچەندە حکومەتی بەریتانیا سوورە لەسەر ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا، بەڵام هەر ئەم هەفتەیە ژمارەیەک رێکخراوی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دۆزێکی دیکەی یاساییان بۆ پێداچوونەوە بەو بڕیارەی حکومەتدا کردووەتەوە.
چوونی کۆچبەران بە بەلەمی بچووک بۆ بەریتانیا لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بووەتە سەرئێشە بۆ حکومەتی وڵاتەکە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەریتانیا، لە ساڵی رابردوودا، 45 هەزار و 756 کەس نۆکەندی ئینگلیزیان لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا بڕیوە و هەوڵی گەیشتیان بە بەریتانیا داوە.
حکومەتی بەریتانیا رێککەوتنێکی بە بەهای 170 ملیۆن دۆلار لەگەڵ رواندا واژۆکردووە سەبارەت بە ناردنی پەناخوازان بۆ ئەو وڵاتە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەر کۆچبەرێک لەدوای 1-1-2022 رووی لە بەریتانیا کردبێت رەوانەی وڵاتە ئەفریقییەکە دەکرێت.
بەڵام ئەو بڕیارە بێ ئاستەنگ نەمایەوە، لەنێویدا، لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، لە دواساتەکاندا دادگەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی هەڵپەسارد.
لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ کۆتایی 2022، 22 هەزار و 606 کۆچبەر لە دەریادا خنکاون و 620 هەزار و 771 کەسیش لە مردن رزگارکراون. میسر، تونس، بەنگلادیش، سووریا و جەزائیر پێنج لەو وڵاتانەن کە زۆرترین کۆچبەری نایاسایی لێیانەوە چووەتە ئەوروپا.


