رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی جیاوازیی سیستمی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان و بەغدا و کۆدی یو پی ئێن، 26 هەزار مووچەخۆر کێشەیان بۆ دروستبووە. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانیش دەڵێت، "تاوەکو ئێستا بە هەزاران کەس مووچەیان وەرنەگرتووە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی کانوونی یەکەمی 2024، هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێشە بۆ 26 هەزار مووچەخۆر دروستبووە، بەهۆی جیاوازی سیستمی خانەنشینی بەغدا و هەرێمی کوردستان، لە بەغدا جگە لە بەخێوکەر و ئەو چاودێریکەرەی کە حکومەت دیاریکردووە، بێ باوکیش UPNی لێوەردەگیرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بێ باوک وەرناگیرێت بۆ UPN."
بە کۆی گشتی 285 هەزار خانەنشین هەن. سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەموو خانەنشینان UPNنیان هەیە، کێشەکە نە پەیوەندی بە هاووڵاتیانەوە هەیە نە حکومەتیش، بەڵکو ئەو فەرمانبەرانەی کارەکان رایدەکەن داوای کۆدی UPN، لە مووچەخۆران ناکەن، ئەوەش وادەکات UPNەکانیان نەدۆزرێتەوە،"
هاوکات سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان بە رووداوی گوت: "لە 14 بەڕێوەبەرایەتی بەهۆی کێشەی بایۆمەترییەوە، بە هەزاران کەس تاوەکو ئێستا مووچەی وەرنەگرتووە."
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت: "سەرووی هەزار کەس بایۆمەتری بۆ نەکراوە، بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی وڵات بوون، یاخود نەخۆش و پەککەوتە بوون."
ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار لە مانگی تەمموزەوە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای مووچەی خانەنشینانی عێراق کرا، جگە لە خانەنشینانی سەربازی کە تاوەکو ئەمڕۆ هاوتا نەکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ