سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی: پێنج کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگامان لە کەرکووک مسۆگەر کردووە

19-12-2023
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی دەڵێت، لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان ئاهەنگی سەرکەوتن لە کەرکووک دەگێڕن و ئاماژە بەوەش دەکات کە "تاوەکو ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنج کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستان دوو کورسی ئەنجوومەنی پارێزگایان مسۆگەر کردووە".
 
رۆژی سێشەممە، 19ـی کانوونی یەکەم، رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "زۆر قەوارە و لایەن هەبوون پێیان وابوو کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەنگێکی ئەوتۆ ناهێنێت، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەریخست کە لایەنە کوردستانییەکان زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە".
 
رزگار حاجی حەمە گوتی، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاوەکو ئێستا لە کەرکووک لە پێشەوەی سەرجەم لیستەکانە و سەروو 140 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە؛ دوای لیستی یەکێتیش لیستەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی و بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دێن".
 
لەبارەی ژمارەی کورسییەکانی یەکێتییەوە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی گوتی، "بەپێی ئەو ئەنجامانەی تاوەکو ئێستا لای خۆمان تۆمارمان کردوون، یەکێتی پێنج کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی مسۆگەر کردووە و ئەگەر هەیە ببین بە خاوەنی شەش کورسی".
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەشڵێت، "لە نەینەوا دەنگی یەکێتی گەیشتووەتە ئەو رادەیەی دوو کورسی ئەنجوومەنی پارێزگا مسۆگەر بکەین و لە خورماتوو و خانەقینیش بەپێی ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی دەستمان کەوتووە، تاوەکو ئێستا دەنگەکانمان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کورسی بەدەست بهێنین".
 
رزگار حاجی حەمە پێیوایە کە "کورد لە کەرکووک بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو ئەنجامی باش بەدەست دەهێنێت؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 لە کەرکووک دەنگەکانی 100٪ زیادی کردووە".
 
سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی دڵنیایی دەدات کە کورد لەم هەڵبژاردنەدا ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕێت و دەڵێت، "پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووکیش بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە و هەوڵیان داوە زیاترین کورسی بەدەست بهێنن، بەڵام دەنگەکانیان ناگاتە ئەو ئاستەی بەو رادەیە پێی دڵخۆش بن. بە دڵنیاییەوە دوای راگەیاندنی ئەنجام، کورد دڵخۆشتر دەبێت و ئاهەنگ دەگێڕێت".
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."