رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات.
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-05-2026) بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی قوربان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت موسڵمانانی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بە ئاماژەی بە رۆڵی هێزە ئەمنییەکان و قوربانییانی شەڕی دژ بە تیرۆر کردووە و دەڵێت: "بەتایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم."
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هیوای خواستووە کە ئەم جەژنە ببێتە هەوێنی ئارامی و ئاشتەوایی و دەڵێت: "هیوادارم رۆژانی جەژن لە خۆشی و ئارامی و شادی دا بەسەر ببەن. ئومێدەوارم جەژن ببێتە مایەی ئاشتی و تەناهی و تەبایی و سەقامگیری لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە جەژنی لە هاونیشتمانیان پیرۆز کردووە و هیوای بەختەوەریی بەردەوامی بۆ خواستوون.
