رووداو - کەرکووک
407 بژمێری عەرەب بۆ سنوورەکانی حەویجە، ریاز، زاب و رەشاد دانراون و هیچ بژمێرێکی کورد و تورکمانیان لەگەڵدا نییە.
لە حەویجە، بژمێرەکان 98%یان کارەکانیان تەواو کردووە و بۆ رۆژانی سەرژمێرییش هەر ئەوان بۆ سەرژمێری کردن دانراون.
محەممەد رەمەزان، کارمەندی بژمێر دەڵێت، "گەیشتووینەتە 98% و پاشنیوەڕۆ بە رێژەی 100% تەواو دەبێت. 407 بژمێر کار دەکەن و هەموویان خەڵکی حەویجەن. لێرە کەمترین خێزان 7 ئەندام بۆ سەرەوەیە، بە دەستی خۆم لە یەک خێزاندا 27 کەسم تۆمار کردووە، کە لە یەک خێزان بوون و پیاوەکە دوو هاوژینی هەبوو."
دانانی تەنیا بژمێری عەرەب لە سنووری حەویجە، گومانی لای کورد لەسەر پرۆسەی گەمارۆسازی لەو سنوورانە دروستکردووە.
بورهان فەهمی، بەرپرسی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت، "نازانین ئەوانە کێ دەژمێرن و چەند کەس دەژمێرن، ئێمە هیچ بەرچاوڕوونییەکمان نییە و ئەمە بابەتێک نییە چاوەڕێی هەنگاوی باشی لێبکرێت. گومانێکی زۆرمان هەیە و لە پەیوەندیداین بۆ چارەسەرکردن و داوای روونکردنەوەمان کردووە لەسەر ئەم بابەتە؛ جێگای گومانێکی گەورەییە لەلامان."
ئەگەرچی بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دەبێت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، تیمەکانی بژمێر کورد، عەرەب و تورکمان بن، بەڵام فەرمانگەی سەرژمێریی کەرکووک پێچەوانەی ئەو بڕیارە، رێنوێنیی دەرکردووە.
حوسێن حەمید، سەرپەرشتیاری ناوەندی پارێزگای کەرکووک گوتی، "سێ پلەمان هەیە، بەڕێوەبەری گەڕەک یان گوند، یاریدەدەر و بژمێر، لەسەر ئاستی ناحیە دەبێت بژمێر خەڵکی هەمان ناحیە بێت، واتە لە حەویجە خەڵکی حەویجە بێت و لە ریاز و لەیلانیش خەڵکی ئەوێ بن."
جگە لە حەویجە و سنوورەکە، لە بەشێک لە ناوچە کوردەکانی سنووری کەرکووکیش، بژمێری عەرەب و تورکمان دانراون و هەندێک رێگری و ئاستەنگ بۆ پرۆسەکە دروست دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ