رووداو دیجیتاڵ بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 29-07-2024، بە پێنج مووشەک هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، هێرشەکان زیانی ماددی و ژینگەیی لێکەوتەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبوو. یەکێک لە مووشەکەکان، لە نێوان گوندی داری زاین و میراسی خوارووی قەرەداخ کەوتەخوارەوە و بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەکە. دانیشتووانی گوندەکە دوای بیستنی دەنگێکی بەهێز، خۆیان گەیاندە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردەوە. محەممەد عەلی، ئەنجوومەنی گوندی داری زاین، گوتی، "دەنگێکی گەورە هات و ئاگرێک کەوتەوە و ئەو مووشەکە ئەو چاڵەی دروستکردووە." دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بە پێنج مووشەک هێرشکراوەتە سەر چەند ناوچەیەک؛ سێ مووشەک ئاراستەی گوندی زرگوێزەڵە لە سلێمانی کراون، یەک مووشەک لە گوندی گورگەچیا لە شارۆچکەی سیروان کەوتووەتە خوارەوە و مووشەکێکیش لە نێوان گوندی داری زاین و میراسی خواروو کەوتووە. دەنگی تەقینەوەکان کە کاژێر 03:10 خولەکی بەیانی لە سلێمانی، شارەزوور، قەرەداخ، هەڵەبجە و سەیدسادق بیسترا. رەوف مستەفا، دانیشتووی یەکێک لە گوندەکان، دەڵێت، "سێ دەنگی گەورە هات و ئاگری لەو دەشتە بەردا." هێرشە مووشەکییەکان جگە لە زیانی ژینگەیی، زیانیان بە چەند خانوویەک و ئۆتۆمبێلێکی هاونیشتمانیان لە گوندی زرگوێزەڵە گەیاندووە و بوونەتە هۆی لەنێوچوونی هەندێک ئاژەڵیش.