لێخۆشبوون لە بەشێکی پارەی قەرزی بچووک چووە واری جێبەجێکردنەوە

19-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە فەرمانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لێخۆشبوونی 20%ی قەرزی بچووک لە هەرێمی کوردستان چووە واری جێبەجێکردنەوە.
 
نووسراوەکە بە ژمارە 11524 و واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی ئەمڕۆ سێشەممە 19-11-2024 دەرچووە و تێیدا هاتووە، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارەی 254 تایبەت بە لێخۆشبوون بە رێژەی 20%ی قەرزی بچووک، "لێخۆشبوونەکە کۆی گشتیی پڕۆژەی پێدانی قەرزی نەگەڕاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی قەرزی بچووک"دا دەگرێتەوە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، دانەوەی قەرزەکە لە ماوەی شەش مانگدا دەبێت و قەرزدار سەرپشکە لەوەی بە یەک گوژمە پارەکە بداتەوە یان بیکات شەش بەش و هەر مانگێک بەشێکی بداتەوە.
 
ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانیی پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە؛ گوتیشی، "تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 15 ملیار دینار پارەی قەرزی بچووک لای هاونیشتمانییان ماوە، نەیانهێناوە و هەموویان لەو بڕیارە سوودمەند دەبن."
 
پڕۆژەی پێدانی قەرزی بچووک لە مانگی ئابی 2011ـەوە دەستیپێکرد و لە 11-1-2016 بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرا، کە زیاتر لە هەشت هەزار و 666 کەس لە قەرزی بچووک سوودمەندبوون، 86 ملیار و 650 ملیۆن دراوەتە ئەو گەنجانەی پڕۆژەیان هەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە