ئەساقیفەی کەنیسە بۆ کریستیانەکان: بەشدارییەکی کاراتان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەبێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەساقیفەی کەنیسە لە عەنکاوە پەیامێک ئاراستەی کریستیانەکان دەکات و داوایان لێدەکات بەشدارییەکی کارایان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەرێمی کوردستانی ئازیز ئەمڕۆ گەورەترین کۆمەڵەی تەبا و جێگیری کریستیانەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەخۆگرتووە و پاراستنی ئەوەش بە بەرپرسیاریێتیی هەمووان دەزانێت.
 
سبەی (یەکشەممە، 20-10-2024) دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
 
بەم بۆنەیەوە، ئەساقیفەی کەنیسە لە عەنکاوە لە پەیامێکدا داوا دەکات کریستیانەکان بەشدارییەکی "کارا و راستەقینە" بکەن و دەڵێت، "وەک بڕوادار، بەشداریکردن لەم پرۆسە دیموکراسییەدا بە ئەرکی خۆمان دەزانین".
 
ئەساقیفەی کەنیسە لە عەنکاوە هەڵبژاردن بە دەرفەتێک دەزانێت "بۆ ئەوەی هاووڵاتیان گوزارشت لە بۆچوونیان بکەن و ئەو نوێنەرانە هەڵبژێرن کە خواستیانە، بۆ ئەوەی ئەو نوێنەرانە لەگەڵ خوشک و براکانیان لە پەرلەمانی کوردستان بەشداربن لە بەردەوامیدان بە بنیادنان و بەشداریکردنی هەمووان لە رەخساندنی ئاییندەیەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوومان".
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا 3 کورسی کۆتا بۆ کریستیانەکان تەرخانکراوە. هەریەکە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک کورسییەکیان بۆ دیاریکراوە. 
 
ئەساقیفەی کەنیسە لە عەنکاوە دەڵێت، "هەرێمی کوردستانی ئازیز ئەمڕۆ گەورەترین کۆمەڵەی تەبا و جێگیری کریستیانەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەخۆگرتووە. پاراستنی ئەو تایبەتمەندییەش بەرپرسیاریێتیی هەموومانە و ئەوەش هانمان دەدات کەسانی گونجاو بۆ ئەم ئەرکە هەڵبژێرین." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە